سەردێڕ:

لە نێو دابەشبوونی کورد و شیعەدا رۆڵی سوننە لە ئایندەی عێراقدا چیدەبێت؟

PM:03:17:21/01/2022

4892 جار خوێندراوەتەوە

لەکاتێدا شیعەکان لەسەر پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆن و کوردیش لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار دابەشبوون، رۆڵی سوننەکان لە داهاتووی عێراقدا چی دەبێت؟


چاودێران و راڤەکارانی سیاسی لەو باوەڕەدان سوننەکانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەر لە رێگەی ئەو ریککەوتنەی لە نێوانیاندا واژۆکرا و حەلبوسیان بۆ سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژارد، سەرکەوتووبوون.

چاودێران لەو باوەڕەدان، سوننەکان توانیویانە بەم هەنگاوەیان بەرژەوەندی گشتی لەبەرچاو بگرن و پارێزگاری لە پێگەی سوننەش لە عێراقدا بکەن، کاتێک توانییان هەردوو فراکسیۆنی تەقەدوم بەسەرۆکایەتی محمەد حەلبوسی و فراکسیۆنی عەزم بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر یەک فراکسیۆنی پەرلەمانی پێکبهێنن و زیاتر لە دەنگی ٦٥ پەرلەمانتار یەکبخەن.

ئیحسان شەمری بەڕێوەبەری ناوەندی بیرکردنەوەی سیاسی و ئەکادیمی و مامۆستای زانکۆی بەغدا بە ماڵپەڕی سکای نیوزی عەرەبی راگەیاند، بەراورد بە شیعەکان، وادەردەکەوێت لایەنی سوننی باشتر بەرەپێشچونیان لە کایەی سیاسیدا بەخۆیانەوە بینیبێت، لەکاتێکدا ململانێ و ناکۆکییەکانی شیعەکان تا ئاستێکی مەترسیدار قوڵبووەتەوە، بەڵام سوننەکان توانییان یەک بگرن.

ئاماژەی بەوەشدا، سوننەکان ئەزمونێکیان لە دابەشبوون هەیە، کاتێک ساڵی ٢٠١٨ بەسەر لایەنە شیعییەکاندا دابەشبوون، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر رۆڵی سوننەکان دانا، بەرهەمی ئەمەش لە ئێساتادا ئەمەیە کە توانیانە یەک بگرن و یەک فراکسیۆنی پەرلەمانی پێکبهێنن.

وتیشی، پێشتر لە ٢٠٠٣ سوننەکان ئەزمونی پشتگوێخستنیان لەلایەن شیعەکانەوە ئەزمونکردووە و ئەم رووداوانە وایان کرد ئەنجامی باشتر بەدەست بهێنن و خۆیان وەک پێکهینەرێکی گرنگ و سەرەکی نمایش بکەن.

لەلایەن خۆیەوە، رائید عەزاوی سەرۆکی ناوەندی واڵاتان بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی و مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی ئەمریکی لە قاهیرەی پایتەختی میسر بە ماڵپەڕی سکای نیوزی عەرەبی راگەیاند، رێککەوتنی دوو جەمسەری سوننی و پێکهێنانی یەک فراکسیۆنی پەرلەمانی خاڵی وەرچەرخانە لە عەقڵییەتی سیاسی و ئیداری سوننی و پێکهێنانی هاوپەیمانی و ئەمەش یەکەم هەنگاوە لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە نرابێت.

دەشڵێت، بەم هەنگاوەیان ناکۆکییەکان و دابەشبوونی سوننەیان لە عێراق تێپەڕاند و لە ئێستادا رۆڵی هاوبەشی سەرەکی و گرنگ لە کایەیی سیاسی و ئیداریدا دەگێڕن.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا ئەو ئاڵنگارییانەی لەبەردەم سوننەکاندایە، دامەزراندنی ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی سوننەیە لە دامودەزگاکانی دەوڵەت و ئاوەدانکردنەوەی شارە سوننە نشینەکان و گێڕانەوەی ئاوارەکانە بۆ زێدی خۆیان و گێڕانەوەی هاوسەنگییە لە دامەزراندنی کادیرانی سوننی لە پۆستە باڵاکانی دەوڵەتدا.













گەلەری