سەردێڕ:

سبەی موچەی ئەم شوێنە دابەشدەکرێت

PM:03:47:11/01/2022

204420 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە وەزارەتی داراییەوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، سبەینێ موچەی دەزگای گشتی ئاسایشی هەرێم دابەشدەکرێت. ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ٢ی ئەم مانگەوە حکومەتی هەرێم دەستی بە دابەشکردنی موچە کردووە و رۆژانە موچەی یەک یان دوو وەزارەت و شوێن دەدات.


دابەشکردنی موچە لە رۆژی ٢ی مانگەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی لیستێکی تەواوەتی بۆ موچە بڵاونەکردووەتەوە و دابەشکردنی موچە بە خاوی بەڕێوەدەچێت. جگە لەوەی ئەو موچەیەی دابەشدەکرێت؛ موچەی مانگی ١٢ی ساڵی رابردووە.

دوێنێ دووشەممە، موچەی ئەنجومەنی ئاسایش دابەش کرا و بڕیارە سبەی چوارشەممە موچەی دەزگای گشتی ئاسایش موچە وەربگرن.

گۆڕانکارییەکان لە لیستی موچەدا بە جۆرێکە بڕیاربوو رۆژی پێنجشەممە، وەزارەتەکانی پەروەردە و کاروباری کۆمەڵایەتی موچە وەربگرن، بەڵام گۆڕانکاری لە لیستەکەدا کرا و گۆڕدرا بۆ "فەرماندەیی زێرەڤانی، ليوای نەوت و گاز، هێزی ئامادەیی سلێمانی و وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان."

لە پێشتردا، لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا، وەزارەتی دارایی هەرێم سێ جار گۆڕانکاری لە لیستی موچەدا پێنجشەممەدا کرد و هەر جارە و ناوی چەند وەزارەتێک دەبات. لە ئێستاشدا حکومەتی هەرێم هەر رۆژەی موچەی یەک یان دوو دەستە و وەزارەت و شوێن دابەشدەکات.

ئەوەش لەکاتێکدایە، حکومەتی هەرێم پێشتر بانگەشەی ئەوەی کرد، کە هەموو ٢٥ی مانگێک موچە دابەشدەکات.

داھاتی نەوتی فرۆشراو بە بۆری زیاتر لە ترلیۆنێک و ٢٠٠ ملیار دینارە و کۆی داھاتی ناوخۆش زیاتر لە ٥٠٠ ملیار دینارە لەگەڵ ھاوکاری مانگانەی ھاوپەیمانان کە ٢٨ ملیار دینارە، بەڵام حکومەت بۆ دابەشکردنی موچە چاوی لە ٢٠٠ ملیارەکەی بەغدایە.

هێرش قادر، هەولێر

هـ.ئـ













گەلەری