سەردێڕ:

لیستێکی نوێی موچە

AM:11:21:01/01/2022

449880 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی وەزارەتی دارایی بڕیارە لە سبەینێوە دابەشکردنی موچە دەستپێبکات و ئێن ئاڕ تی لیستی دابەشکردنی موچە بڵاودەکاتەوە.


وەزارەتی دارایی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، سبەی یەکشەممە، موچەی وەزارەتی تەندروستی دابەش دەکرێت.

وەزارەتی دارایی دەشڵێت، سەرەڕای ئەوەی هەموو ساڵێک ٢ی کانونی دووەم پشووی فەرمی بانکەکانە بە مەبەستی پاکتاوکردنی ژمێریاری ساڵی رابردوو، بەڵام سبەی ئەو بانکانەی تایبەتن به موچەی وەزارەتی تەندروستی کراوە دەبن.

چاوگێک لە وەزارەتی دارایی بە ئێن ئاڕ تی وتووە، بڕیارە رۆژی دووشەممە، موچەی دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیواکان دابەشبکرێت.

باسی لەوەشکردووە، رۆژی سێشەممە، یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ موچە وەردەگرن.

چاوگەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارە ئەو موچەیەی دابەش دەکرێت بێ لێبڕین دابەشبکرێت.

هەفتەی رابردوو، وەزارەتی دارایی رایگەیاند، بەهۆی پشووەکانی سەری ساڵەوە دابەشکردنی موچە دوادەکەوێت بۆ رۆژی ٢ی مانگی کانونی دووەم. 

پێش ئەوەش، چاوگێک لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاندبوو، لەسەر بڕیاری حکومەتی هەرێم، لە ٢٥ی مانگی کانونی یەکەمەوە دەست بە دابەشکردنی موچە دەکەن، بەڵام دواتر گۆڕانکاری لە دابەشکردنەکەدا روویدا.

ئەوەش لەکاتێکدایە، داھاتی نەوتی فرۆشراو بە بۆری زیاتر لە ترلیۆنێک و ٢٠٠ ملیار دینارە و کۆی داھاتی ناوخۆش زیاتر لە ٥٠٠ ملیار دینارە لەگەڵ ھاوکاری مانگانەی ھاوپەیمانان کە ٢٨ ملیار دینارە، بەڵام حکومەت بۆ دابەشکردنی موچە چاوی لە ٢٠٠ میارەکەی بەغدایە.

هێرش قادر، هەولێر













گەلەری