سەردێڕ:

ئێوەی سەرۆک لە دەردی کوردی کەرکوک تێناگەن

PM:12:11:30/10/2025
476 جار خوێندراوەتەوە
مەلا فەرمان
+ -

لە کەرکوک کێشەکان بونە بە دەرد، بۆ تێگەیشتن و پەیبردن بە دەردەکان، تەنها ئەوەندە بەسە لە سەری قەڵاوە بڕواننە دەوروبەر، روو لە ریزە دوکانەکانی بەر قەڵا بکەن، لە ٩٠٪ کوردن، تابلۆی سەردوکانەکان بە کوردی نابینن.

بە دووری چەند مەترێک لە پشتی خۆتانەوە هەر لەسەر قەڵا و لە نزیک گۆڕی پەیامبەر دانیاڵ سیمایەکی نامۆ بە کەرکوک دەبینن، تابلۆی سەر دوکانەکانی بازاڕ و رێگای بەغدا بە زمانی تورکی و پیتی لاتینی نوسراوە، زۆرجاران دروشمی گورگە بۆریش بەرچاو دەکەوێت، هەر لەو ئاستەوە بڕواننە بازاڕەکانی پشتەوە، بازاڕێکی بە سیمایەکی بێگانە دەبینن.

کەمێ سەرهڵبڕن و دورتر بەرەو باشور، رۆژئاوا دەست بخەنە سەر چاوەکانتان و جوان بڕوانە و کەمێ گوێ هەڵخەن دیمەنی تەعریب دەبینن و گوێتان لە هاواری جوتیارانی کورد دەبێ.

گەر ویستتان سەردانی گۆڕە بێنازەکان و هۆڵە داڕوخاوەکانی شەهیدان و ئەنفالکراوان لە تۆپزاوە بکەن، دەبێت پێشوەختە ئاگاداری بازگە سەربازیەکان بکەنەوە، ئەگینا، پاشان وەرنە ناو بازار، لە نزیکەوە لە سیمای سەر دیوارەوەکان و بەشێکی هاوڵاتیانی بە ئاگا دەردەکەوێ چەند لێتان بێزارن، ئەم بێزاریەش لێرە ناوەستێ بەڵکە شۆڕدەبێتەوە بۆ کوردایەتی و خۆزگە خواستن بە رابردوو.

بۆیە دەڵێم لە دەردەکانی منی کەرکوک تێناگەن، چونکە لە ٢٠٠٣ بۆ ئێستا بەڵێنی ناڕاست دەدەن و قسە و بڕیارەکانتان وەک بڵقی سەرئاوە، بۆ وەبیرهێنانەوە، بە خێرایی بڕواننە ڤیدیۆ تۆمارکراوەکانی خۆتان.

بەندەش باس لەم چەند بەڵێنەتان دەکا:-
١-هۆڵەکانی کۆنە سەربازگەی تۆپزاوە و گۆڕە بێنازەکان، نەک هەر مێژووی ئەو شوێنە بەڵکە بەڵگەی پرۆسەی کۆمەڵکوژی گەلێک لە دووتویی بەردەکاندا هەڵگرتوە، هێدی هێدی لەبەر بێباکی ئێوە، گۆڕەکان ون دەبن و بەڵگەکان ژێر گڵ دەنرێن.

جێبەجێنەکردنی مۆنیومێنتی تۆپزاوە دیارترین شاهێدی دەدەن کە: - خاوەن بەڵێن و قسە و بریاری خۆتان نین. ئەوەی دەیڵێن بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆتانە، بۆ گەوجاندنە، بەتەنگ ئازارەکانی کەرکوکەوە نین و ناتانەوێ مێژووی ئەنفال بە زیندویی بمێنێت.
٢-بەڵێنەکانتان بۆ گێڕانەوەی زەوی جوتیارانی کورد و تورکمان، جێبەجێکردنی بڕیاری ٢٩ و مادەی ١٤٠ و بڕیارەکانی بەعس هەرزوو لە یادتان چووەوە، یان نیشانەی ئەوەیە دەستتان زۆر کورتە.
٣-بیرتانە لە سەردمی شۆڕشی شاخ، دەوترا با دوژمن کوردستان وێران بکات، دواتر جوانتری دروست دەکەینەوە، با جادە و پرد دروست بکات هەر بۆ خۆمان دەمێنێ، چونکە کوردستان تاپۆی خۆمانە، بەڵام بۆ کەرکوک رێک پێچەوانەکەی راستە، یەک بست لە خاکی داگیرکراوی کورد نەگەڕاوەتەوە، یان تاپۆکەی یان گرێبەسستەکەی بە ناوی وەارەتی ( دارایی و نەوت، بەرگریەوەیە) یان بەناوی عەرەبی هاوردە.

لەم رۆژانە سەردانی دامەزراوەی ئاوی ژێرزەویم کرد لە کەرکوک، بە کورتی و کرمانجی پێی وتم، ئێوە زیادەڕۆییتان کردووەتە سەر زەوی وەزارەتی دارایی، بە پێی یاسا ٣ ساڵ بەند دەکرێن. پێم وت، ئێمە تاپۆی رەشمان هەیە و بەعس داگیری کردووە.

دیار بوو ئەمەی باش دەزانی، بۆیە پێی وتم باشترە ئەمە بە سیاسییەکانتان بڵێن. بۆیە کاکی سەرۆک راستە قیرکردنی شەقام، کارەبای ٢٤ کاتژمێری بەڵام نەک بەو نرخە، کۆشک و تەلار و مووچە کاری باشن و لە هەمو سەردەمێکدا دەبێ بکرێ و ئەرکە، بەڵام بۆ ئێمەی کوردی کەرکوک، لەم سەردەمە و لە ژێر دەسەڵاتی حیزبی کوردی ئەمانە کێشەی سەرەکی نین. بەڵکو تاپۆ، شکۆ، زمان و پەروەردەی کوردی، سیمای ونبوی کوردانەی کەرکوک، ئاڵای دەستی پەیکەری پێشمەرگە،  ئازاری جوتیاران. ئێمەی کەرکوکی باش دەزانین، هەموو ئەمانە بەرهەمی ناتەبایی، کورتبینی و ساوێلکەیی ئێوەی سەرۆک و بیری وشکی حیزبییە.

٤- ئەرێ لە کەرکوکەوە بەرە و قەزای دوبز چونە؟، ئەرێ گوندەکانی ئالبودێر، عیزە و چەندینی ترتان دیوە! دوای ١٦ـی ئۆکتۆبەر دروستکراون و سوپا دەیانپارێزێت.
٥- ئەرێ دەبینن کەرکوک چۆن بووە بە سەربازگەیەکی گەورە، بڕیار لای ئەوانە، لە سەرووی کەرکوکەوە تەواوی شوێنەکۆنەکانی سوپای عێراق ئاوەدانکراونەتەوە، زەویەکانیان داگیرکردووەتەوە لە ناوچەکە. بەبێ پرسی سوپا یەک جوتیاری کورد ناتوانێ نەبیرهەڵکەنێ نە گەڵابەیەک تێکەڵە بۆ زەویەکەی بەرێ، بۆ راستی و دروستی داواتان لێدەکەم سەردانێکی گوندەکانی دەشتی ساڵەیی بکەن.
٦- ئەگەر سەرباز بۆ پاراستنی ناوچەکەیە، رووداوەکان دەریدەخەن لەو ئەرکە شکستیهێناوە، چونکە ئێستا هیچ جوتیارێکی کورد دوای رۆژئاوا ناتوانێت لەسەر گێڵگەکەی بمێنێتەوە، لە ماوەی ئەم ساڵدا چەندین کوڕە جوتیار رفێندراون یان شەهیدکراون یان بە پارەیەکی زۆر ئازادکراون.

بۆیە، ئێوەیەک لە ٢٠٠٣ بەخۆشیبێ یان ترشی، زۆرینەن لەم شارە و ئەمەیە بەرهەمەکەتان، لەسەر دەستی ئێوە کێشەکانی کەرکوک بونە بەدەرد.

چۆن بتوانم باوەڕ و دوبارە متمانەتان پێبکەمەوە؟ بۆیە لەگەڵ ئەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن لە ژێر پرسیاردایە کاتی ئەوەیە لایەنی کوردی تر لە هەرێم و لە کەرکوک تاقی بکرێنەوە، تا ئێوەش بتوانن پشویەک بدەن و بێنەوە سەر رێڕەوی دروستی کوردبوون و نیشتماندۆستی.

لە راستیشدا چارەسەری بنەڕەتی لابردنی ئێوەیە لە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان.

گەلەری