PM:08:42:01/11/2025
756 جار خوێندراوەتەوە
ئەمڕۆ ساڵێک تێپەڕی بەسەر پێنەدانی مووچەی بەشێکی خانەنشینانی سەربازی هەرێم، هاوکات تاوەکو ئێستا ٣٥ هەزار خانەنشینینە نوێیەکە ١٢ مووچەی ئیکرامییەیان پێنەدراوە و بەغداش چاوەڕێی هەرێمە لەم مانگەدا پرسی لێبڕینی خانەنشینی یەکلایی بکاتەوە و ئیکرامییە بنێرێت.
ئەمڕۆ شەممە ١ـی تشرینی دووەمـی ٢٠٢٥، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە بەغدا رایگەیاند، "لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق قسەی کرد و پێیان راگەیاندین، حکومەتی ماوەبەسەرچوو تاوەکو ئێستا پارەی لێبڕینی خانەنشینی و سندوقی خانەنشی نەگەڕاندووەتەوە".
دارایی عێراق بۆ ئێن ئاڕ تی وتووشیەتی، چەند جارێک بە نووسراو داوایان لە هەرێم
کردووە پارەکەیان بۆ بگەڕێننەوە، بەڵام حکومەتی ماوەبەسەرچوو تا ئێستا وەڵامی
نەداونەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە بەشێکی زۆری ئەو مووچەخۆرانەی خانەنشینان بوون لە هێزە
ئەمنییەکان بەهۆی تەواو نەکردنی مامەڵەکانیان لەلایەن حکومەتی ماوەبەسەرچوو ماوەی
ساڵێکە مووچەیان وەرنەگرتووە و وا بڕیارە لەگەڵ مووچەی مانگی نۆ بەشێكیان مامەڵەکانیان
بۆ تەواو بکرێت و مووچەی تەواوی ئەمساڵ بەیەکەوە وەربگرن.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ ناردنی ئیکرامییەی خانەنشینانی هەرێم
چاوەڕێی هەرێمن لەم مانگەدا پرسی پارەی لێبڕینی خانەنشینی یەکلایی بکاتەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەی ساڵێک بەسەر پێنەدانی مووچەی بەشێکی خانەنشینانی
سەربازی هەرێم تێپەڕی، هاوکات تاوەکو ئێستا ٣٥ هەزار خانەنشینینە نوێیەکە ١٢ مووچەی
ئیکرامییەیان پێنەدراوە.