سەردێڕ:

زەیدی: عێراق لە شەڕێکی چارەنووسسازدایە دژی گەندەڵی و ماددە هۆشبەرەکان

PM:09:07:28/08/2026

644 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق، دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی لە شەڕێکی چارەنووسسازدایە دژی گەندەڵی و ماددە هۆشبەرەکان، دەشڵێت، ئێستا لە ریزی پێشەوەی وڵاتانی ناوچەکەین بۆ رێگریکردن لە قاچاخچێتی بە ماددە هۆشبەرەکان.


ئەمڕۆ هەینی ٢٨ـی ئابی ٢٠٢٦، عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانێکی مەیدانی بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان سەر بە وەزارەتی ناوخۆ ئەنجامدا، بە مەبەستی ئاگاداربوون لە بەڕێوەچوونی کارەکان و ئەو هەوڵانەی لەم چوارچێوەیەدا دەدرێن.
بە پێی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، زەیدی لە میانەی سەردانەکەیدا، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ کادیرانی بەڕێوەبەرایەتییەکە کرد و جەختی کردەوە، "عێراق لە شەڕێکی سەختدایە دژی گەندەڵی و ماددەی هۆشبەر”.

هاوکات زەیدی سووربوونی حکومەتەکەی نیشاندا کە هیچ پاشەکشە و خەمساردییەک لەم رووبەڕووبوونەوەیەدا ناکرێت، چونکە ئەمە بە شەڕی پاراستنی داهاتووی عێراق و نەوەکانی داهاتوو دادەنرێت.

سەرۆک وەزیرانی عێراق روونی کردەوە، داتاکان نیشانی دەدەن عێراق پێشکەوتنی گەورەی لەم شەڕەدا بەدەستهێناوە و ئێستا لە پێشەنگی وڵاتانی ناوچەکەیە بۆ رێگریکردن لە دزەکردنی ماددەی هۆشبەر بۆ ناو خاکەکەی یان بەکارهێنانی وەک رێڕەوێک بەرەو وڵاتانی دیکە.

هەروەها رێنمایی دا کە بایەخی تەواو بە چارەسەرکردنی بارودۆخی تووشبووانی ماددە هۆشبەرەکان بدرێت و سەرجەم پێداویستییە لۆجستی و داراییەکان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان دابین بکرێن.












گەلەری