سەردێڕ:

نزیکەی شەش هەزار دەریاوان لە گەرووی هورمزدا گیریان خواردووە

PM:03:22:28/08/2026

872 جار خوێندراوەتەوە

ئەمینداری گشتیی رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریایی ئاشکرایکرد، نزیکەی شەش هەزار دەریاوان لەسەر پشتی ٤٠٠ کەشتیی لە گەرووی هورمزدا گیریان خواردووە و شەڕەکەش بووەتە هۆی پەککەوتنی بازرگانی جیهانی.


ئەمڕۆ هەینی ٢٨ـی ئابی ٢٠٢٦، ئەرسینیۆ دۆمینگێز ئەمینداری گشتیی رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریایی رایگەیاند، ئاستەنگەکانی بەردەم کەشتیوانی لە گەرووی هورمز تێکچوونی گەورەی لە بازرگانی لە سەرانسەری جیهاندا دروستکردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە واشنتن کۆنتڕۆڵکردنی گەرووەکە و پاكکردنەوەی لە مینە دەریاییەکانی راگەیاندبوو.

دەشڵێت، نزیکەی شەش هەزار دەریاوان لەسەر پشتی ٤٠٠ کەشتیی هێشتا لە گەرووی هورمزدا گیریان خواردووە، وتیشی، بەردەوامیی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا بۆتە هۆی پەککەوتنی گەورە لە بازرگانیی جیهانیدا، کە ئەوەش کاردانەوەی نەرێنی لەسەر ئابووریی جیهان هەبووە.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە، کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتیی گەرووی هورمزی لەلایەن هێزەکانی وڵاتەکەیەوە راگەیاندبوو و وەک هەرێمێکی ئەمریکی ناویبردبوو، وە ئەدمیراڵ براد کوپەر فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ئاشکرایکرد، هێزەکانی ئەمریکا لە گەرووی هورمزدا سەركەوتووبوون لە لادان و هەڵگرتنەوەی ئەو مینە دەریاییانەی لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە لە رێڕەوە نێودەوڵەتییەکاندا چێندرابوون.













گەلەری