PM:08:00:24/08/2026
2096 جار خوێندراوەتەوە
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی فاڵح زەیدی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، ١٦ـەمینی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و تێیدا باری گشتیی وڵاتی تاوتوێ کرد و ژمارەیەک بڕیاری لە بوارەکانی ئابووری، کشتوکاڵ و دارایی پەسەند کرد.
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەت بۆ زیادکردنی داهاتە نەوتیینەکراوەکان، ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی دا لەسەر هەموارکردنەوەی رێژەی رسووماتی گومرگی ساڵی ٢٠٢٤ کە دانرابوو بەسەر کەرەستەی خاو بۆ تەواوی پیشەسازییە ناوخۆییەکان، بە شێوەیەک ڕێژەکەی بێتە خوارەوە بۆ (١٪). هەروەها رسووماتی گومرگی لەسەر هێڵەکانی بەرهەمهێنان و پێداویستییەکانی بەرهەمهێنان بۆ پڕۆژە پیشەسازییەکان ( لە قۆناغی دامەزراندندا بن یان فراوانکردن) کرایە (١٪).
ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی دا لەسەر
هەموارکردنی بڕیاری (٢٥ـی ساڵی ٢٠٢٦)ی تایبەت بە پابەندبوونی گرێبەستیی پارێزگاکانی
دەرەوەی هەرێم، بە شێوەیەک تەرخانکراوە داراییەکانی پەرەپێدانی پارێزگاکان بە بڕی
دوو تریلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینار جێگیر بکرێت.
لەبارەی تەرخانکراوەکانی پترۆدۆلاریش بە
بڕی دوو تریلیۆن دینار، پشتی پێ بەسترێت بەوەی لە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی (١٣ـی
ساڵی ٢٠٢٣)دا هاتوو.
سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوەی مێرووی
(سووسەی دارخورما)، ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی دا لەسەر بەخشینی وەزارەتی
کشتوکاڵ لە ڕێنەماییەکانی جێبەجێکردنی گرێبەستە گشتییەکان، بە مەبەستی خێراکردنی رێکارەکانی
ناردنی دەرمانی قڕکەر بەر لە تەواوبوونی رێکارە بانکییەکان، تاوەکو دەرمانەکە لە
کاتی پێویستدا بگات و رێگری لە زەرەرمەندبوونی بەروبوومی دارخورما بگرێت.