سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان، بە هاوبەشی لەگەڵ ئاژانسی CFI فەرەنسی لە چوارچێوەی پڕۆژەی (قەریب)، رێبەرییەکی یاسایی و ئاکاریی نوێی بۆ رۆژنامەنووسان بڵاوکردەوە، کە تایبەتە بە رێکخستنی روماڵە میدیاییەکان لە چوار بواری هەستیاردا.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٤ـی ئابی ٢٠٢٦، دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ رایگەیاند، لە ماوەی رابردوودا بەهۆی هەندێک هەڵەی پیشەیی لە روماڵکردنی رووداوەکاندا، گلەیی زۆر لە دامەزراوە میدیاییەکان کراوە، بەتایبەت لە پرسەکانی پاراستنی زانیاری کەسی و رەچاوکردنی باری ئەمنی و پێکەوەژیان، ئاماژەی بەوەش کرد، کە هەندێکجار میدیاکان لە کاتی ململانێ سیاسییەکاندا بوونەتە سەکۆ بۆ بڵاوکردنەوەی گوتاری رقوکینە، یان لە هەواڵەکانی دادگا و تاواندا پێش لایەنە پەیوەندیدارەکان کەوتوون.
وتیشی،
ئەم رێبەرییە یارمەتی رۆژنامەنووسان دەدات لە چوار بابەتی سەرەکیدا (روماڵکردنی جەنگ،
گوتاری رقوکینە، هەواڵی دادگا و تاوان، مافی مرۆڤ) پیشەییانەتر کار بکەن، بۆ ئەوەی
رێگری بکەن لەوەی دەسەڵات یان دادگا هەڵە پیشەییەکان وەک پاساو بۆ بەرتەسککردنەوەی
ئازادییەکان بەکاربهێنن.
لەلایەکی
دیکەوە، سامان فەوزی، مامۆستای زانکۆ و ئامادەکاری رێبەرەکە باسی لەوەکرد، رۆژنامەگەری
وەک دەسەڵاتی چوارەم ئەرکی چاودێریکردنی سێ دەسەڵاتەکەی دیکەی لەسەرە، بۆیە دەبێت
کەمترین کەموکوڕی لە خۆیدا هەبێت، ئاشکراشی کرد کە لەم رێبەرییەدا کەمتر لە ٥٠ بنەما
و خاڵیان دیاری کردووە کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی رێککەوتنیان لەسەرە.
ئەو
مامۆستایەی زانکۆ ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئامانجیان گەیاندنی ئەم بنەما ئەخلاقی و یاساییانەیە
بە هەموو رۆژنامەنووسێک، چونکە مەرج نییە هەموو ئەوانەی لە کایەی میدیادا کار دەکەن
دەرچووی بەشی راگەیاندن بن، ئەم رێبەرییەش وەک دەستکەوتێک دەبێت بۆ رێکخستنی ناوخۆیی
پیشەی رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان.