PM:03:55:24/08/2026
1156 جار خوێندراوەتەوە
بەڕێوەبەرایەتی بەشی خوێندنی كوردی لە کەرکووک ڕایگەیاند، پابەندبوون بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی عێراق و پەروەردەی کەرکوک بۆ یەكپۆشی لە قوتابخانەكان، قوتابخانە كوردییەكان ناگرێتەوە و ئەوان پابەندی بڕیار و ڕێنماییەكانی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم دەبن.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٤ـی ئابی ٢٠٢٦، بەپێی نوسراوی بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی یەکپۆشی لەباخچەی ساوایان و قوتابخانەو خوێندنگەی ناوەندی و ئامادەیی هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەبێت، خوێندنی کوردی پابەندی بڕیارەکانی وەزارەتی پەروەردەی عێراق نابێت سەبارەت بەو پرسە.
لەوبارەیەوە كامەران
عەلی، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی كوردی بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، دوای بڕیاری پۆشاكی
یەكپۆشی، ڕوونكردنەوەی پێویستمان بە هەردوو وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان و
حكومەتی فیدراڵ دا، دوای ئەوەی پەیوەندیی بە بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی کەرکوک
كرا، كە ئەم نووسراوە خوێندنی كوردی ناگرێتەوە.
هاوکات بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی كوردی،
سەرجەم قوتابخانە و خوێندنگە کوردییەکانی پارێزگای کەرکووک ئاگادار دەكاتەوە،
پابەندی هەمان ئەو بڕیار و ڕێنماییانەی پۆشاکی یەکپۆشی دەبن کە لەلایەن وەزارەتی
پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دیاری كراوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی کەرکوک، نووسراوێکی ئاڕاستەی کارگێڕیی
قوتابخانە و خوێندنگاکان کرد، سەبارەت بە پابەندبوون بە پۆشاکی یەکپۆشی ساڵی
ڕابردوو.