PM:04:46:23/08/2026
1340 جار خوێندراوەتەوە
وەزارەتی کارەبای حکومەتی ماوەبەسەرچوو ڕایگەیاند، پسووڵەی مانگانەی پڕۆژەی ڕووناکی هیچ داشکاندنێکی لەسەر نییە و دەبێت لە ماوەی ٥٠ ڕۆژدا پارەی ئەو مانگە بدرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٣ـی ئابی ٢٠٢٦، وەزارەتی کارەبا ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بە دەنگۆی داشکاندنی قەرزی کارەبا بڵاودەکاتەوە و ڕایگەیاند، داشکاندنەکە تەنها ئەو قەرزە کۆنانە دەگرێتەوە کە پێش جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی لەسەر هاوبەشان کەڵەکەبوون و پسووڵەی مانگانەی پڕۆژەکە ناگرێتەوە.
وەزارەتی کارەبا لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، لەئێستادا پسووڵەی مانگانەی کارەبای پڕۆژەی ڕووناکی هیچ داشکاندنێکی بۆ ناکرێت و پێویستە هاوبەشان لەماوەی ٥٠ ڕۆژ دوای دەرچوونی پسوولەکە، بەشێوەیەکی ئاسایی پارەکەیان بدەن.
لە بەشێکی تری ڕوونکردنەوەکەدا، وەزارەتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە کەمتر لە ٢٠ ڕۆژ ماوە بۆ کۆتاییهاتنی وادەی داشکاندنی سەر قەرزە کۆنەکانی پێش پڕۆژەی ڕووناکی، هاوکات هانی هاوبەشانی کارەباش دەدات پەلە بکەن لە گەڕاندنەوەی ئەو قەرزانەی لەسەریانە.