سەردێڕ:

لە هەولێر بەنزینی ٧٥٠ دیناری کرایە کۆبۆن و لە سلێمانی و دهۆکیش پشکەکان کەمکرانەوە

PM:02:27:22/08/2026

1244 جار خوێندراوەتەوە

سەرەڕای بانگەشەکانی حکومەتی ماوەبەسەرچوو بۆ دابینکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراو، قەیرانی بەنزینی ٧٥٠ دیناری قوڵتر بووەوە، لە هەولێر فرۆشتنی بەنزین کرایە کۆبۆن، لە سلێمانی و دهۆکیش ژمارەی بەنزینخانەکان و بڕی بەنزینەکە کەمکرایەوە.


دوای چوار ڕۆژ لە بانگەشەی حکومەتی ماوەبەسەرچوو بۆ دابینکردنی بەنزینی ٧٥٠ دیناری بە بڕی پێویست، بەڵام بەهۆی کەمیی بڕەکەیەوە شۆفێران ناچارن چەندین کاتژمێر لە نۆرەی درێژدا بمێننەوە و هەندێکجار بەبێ وەرگرتنی بەنزین دەگەڕێنەوە.

کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو بەنزینخانانەی بەنزینی ٧٥٠ دیناری دەفرۆشن هۆکاری سەرەکیی دروستبوونی ئەم قەرەباڵغییە زۆرەیە.

لە نوێترین پێشهاتدا و دوای شکستخواردنی شێوازەکانی پێشوو، لە هەولێر فرۆشتنی بەنزینی ٧٥٠ دیناری جارێکی تر کرایەوە بە کۆبۆن و لەمڕۆوە لە ٢٢ بەنزینخانەدا تەنها بەو شێوازە دەفرۆشرێت.

لە پارێزگای سلێمانیش، هەرچەندە بڕیاربوو لە ١٦ بەنزینخانە بە شێوەی ٢٤ کاتژمێری بەنزینەکە دابەش بکرێت، بەڵام بەهۆی کەمیی بەنزینەکە و درەنگ گەیشتنی بە بەنزینخانەکان، کاتی کارکردنیان بۆ ١٢ کاتژمێر کەم کراوەتەوە و شۆفێران ناچارن بۆ دەستکەوتنی بڕێک بەنزین سەردانی چەندین بەنزینخانە بکەن.

هاوکات لە سنووری سەنتەری دهۆک و زاخۆ، لە کۆی ٢٥ بەنزینخانەیەک کە پێشتر بڕیاربوو بەنزینی ٧٥٠ دیناری تێدا بفرۆشرێت، ئێستا تەنها لە نۆ بەنزینخانەدا دابەش دەکرێت، ئەمەش قەرەباڵغی و ناڕەزایەتیی شۆفێرانی زیاتر لێکەوتووەتەوە.

سەبارەت بە بەنزینی بازرگانیش، هاوڵاتییان و شۆفێران ئاماژە بەوە دەکەن کە حکومەتی ماوەبەسەرچوو لە دابەزاندنی نرخی بەنزینی بازرگانیشدا شکستیهێناوە و بڕیارەکانی هیچ کاریگەرییەکی ئەرێنییان لەسەر بازاڕ نەبووە.













گەلەری