سەردێڕ:

دەستپاکی عێراق: نۆ کەس بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل دەستگیرکران

PM:01:36:22/08/2026

1080 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی دەستپاکی ڕایگەیاند، نۆ تۆمەتباریان لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی کەربەلا و کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت دەستگیرکردووە، کە تێوەگلاون لە وەرگرتنی بەرتیل.


ئەمڕۆ ٢٢ـی ئابی ٢٠٢٦، دەستەی دەستپاکی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، دەستگیرکردنی ئەم کەسانە دوای ئەوە دێت کە تێوەگلاون لە وەرگرتنی بەرتیل لە بەرامبەر پێدانی بڕوانامەی پشکنینی تەکنیکی هەزە بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی مەرجەکانی توندوتۆڵییان تێدا نییە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تیمی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی کەربەلا دوای وەرگرتنی زانیاری ورد و بەدواداچوون، بۆیان دەرکەوتووە ژمارەیەک فەرمانبەری هاتوچۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ کارمەندانی ئەو کۆمپانیایەی پشکنینی هەزە ئەنجام دەدات، بڕوانامەی پشکنینی تەکنیکییان بۆ ئۆتۆمبێلی بێ مەرج و تێکچوو دەرکردووە کە شیاوی بەکارهێنان نین.

وتیشی، سێ فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ و شەش کارمەندی کۆمپانیاکە دەستگیرکران. هەروەها بڕێک پارە کە وەک بەرتیل وەرگیرابوو، لای یەکێک لە تۆمەتبارەکان دەستی بەسەردا گیرا.

ڕوونیشی کردەوە، پاش دووبارە پشکنینەوە بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی بڕوانامەی تێپەڕاندنی پشکنینیان پێدرابوو، دەرکەوتووە، ئۆتۆمبێلەکان لە پشکنینی تەکنیکیدا دەرناچن و جیاوازییەکی زۆر لە نێوان ئەنجامی راستەقینەی پشکنینەکە و ئەو بڕوانامەیەی بۆیان دەرکراوە، هەبووە.

ئێستا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتباران رێکخراوە و رەوانەی بەردەم دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی کەربەلا تایبەت بە کێشەکانی دەستپاکی کراون، تاوەکو بە گوێرەی ماددەکانی ٣٠٧ و ٣١٠ لە یاسای سزادانی عێراقی، سزای یاسایی بدرێن.













گەلەری