ترەمپ ڕایگەیاند، ئێران لەژێر فشارێکی توندی ئابووریدایە و سەرکردایەتی ئەو وڵاتەش تووشی پەککەوتن بووە.
ئەمڕۆ شەممە ٢٢ـی ئابی ٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ئێراندا نازانێت لەگەڵ کێدا گفتوگۆ بکات، چونکە بە وتەی ئەو "زۆربەی سەرکردەکانی ئێران کوژراون و پێشی وانییە ئێستا هیچ کەسێک ئارەزووی هەبێت پۆستی سەرۆکایەتی لەو وڵاتەدا وەربگرێت."
وتیشی، ئێران زۆر بە پەرۆشە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، بەڵام ئێمە هێشتا
دڵنیا نین، ئایا دەمانەوێت رێککەوتنیان لەگەڵ بکەین یان نا سەرۆکی
ئەمریکا جەختی کردەوە، ئەو "گەرووی هورمز وەک خاکی ئەمریکا دەبینێت" و ئەمریکا
کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر ئەو رێڕەوە ئاوییەدا هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، چوونە ناو شەڕی ئابوورییەوە
دژی ئێران، بەو مانایە نییە کە بژاردە سەربازییەکانی ئەمریکا سنووردار کراون، هەرگیز
رێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی ئێران، ترەمپ ئاشکرای
کرد، رێژەی هەڵئاوسان لەو وڵاتە گەیشتووەتە ٪٣٠٠ و ئێران تەنانەت ناتوانێت مووچەی
سەرباز و کارمەندانی پۆلیس بدات. پێشبینیشی کرد، بە کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنە پەیوەندیدارەکان
بە ئێرانەوە، نرخی وزە لە جیهاندا دابەزێت.
لە لایەکی دیکەوە، بڕیارە رۆژی دووشەممە سکۆت بێسێنت،
وەزیری خەزێنەی ئەمریکا، وردەکاری "توندترین سزای دارایی لە مێژوودا دژی ئێران
رابگەیەنێت." ترەمپ پێشتر هۆشداری دابووە هەر وڵاتێک هاوکاریی پێشکەشی ئێران
بکات، رووبەڕووی لێکەوتەی ئابووری توند دەبێتەوە.
لە بەرامبەر ئەم هەڕەشانەدا، ئێران ڕایگەیاندووە،
وەڵامیان بۆ هەر هەڕەشەیەکی نوێی ئەمریکا وێرانکەر دەبێت، پێشتر لە مانگەکانی نیسان و حوزەیراندا دوو هەوڵ
بۆ رێککەوتنی ئاگربەست و دەستەبەرکردنی ئازادی هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز
درابوو، بەڵام هەردوو رێککەوتنەکە بە خێرایی هەرەسیان هێنا.