سەردێڕ:

لەبارەی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان و پێشمەرگەی هەرێم هاوشێوەی بەغدا بڕیار درا

PM:01:47:21/08/2026

1696 جار خوێندراوەتەوە

دارایی و ئابووری حکومەتی ماوەبەسەرچوو، کۆتایی بە پرۆسەی ئامادەکردنی راپۆرتی پشکی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠٢٧ هێنا و بە هەردوو شێوازی کاغەزی و ئەلیکترۆنی ڕەوانەی بەغدای کرد و گرنگترین خاڵ کە جێگیرکراوە، هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان، پێشمەرگە و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانە هاوشێوەی بەغدا.


ئەمڕۆ هەینی ٢١ـی ئابی ٢٠٢٦، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی ماوەبەسەرچوو ڕایگەیاند، پاش زیاتر لە مانگێک لە گفتوگۆی چڕ و خەمڵاندنی هەمەلایەنە بۆ خەرجی، داهات و میلاکی گشتی، راپۆرتەکە ئامادەکرا کە سەرجەم خواستە دەستوورییەکان و شایستە داراییەکانی هاوڵاتییانی هەرێمی تێدا جێگیرکراوە، لەوانەش دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان، شەهیدان و ئەنفالکراوان.

بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە، چەندین خاڵی گرنگ جێگیرکراون، لە سەرووی هەموویانەوە هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان، پێشمەرگە و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان هاوشێوەی بەغدا، هەروەها گەڕاندنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست.

هاوکات، لە پڕۆژەکەدا باس لە دامەزراندنی سێ یەکەمەکان، خاوەن بڕوانامە باڵاکان و دەرچووانی پزیشکی و تەندروستی کراوە، لەگەڵ دابینکردنی بودجەی تایبەت بۆ وەبەرهێنان و دابینکردنی دەرمان.

وەزارەتی دارایی هەرێم جەختدەکاتەوە، ئەم هەنگاوە دەبێتە بنەمایەک بۆ چارەسەری بنەڕەتی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا.













گەلەری