سەردێڕ:

دادگای عێراق سزای زیندانیکردن بۆ بەرپرسێکی پێشووی پارتی دەرکرد

PM:03:34:20/08/2026

2232 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی دەستپاکیی عێراق ڕایگەیاند، بە تۆمەتی گەندەڵی و سەرپێچی لە گرێبەستێکی شوێنەواریدا، سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی غیابی بۆ سەربەست عومەر حەسەن (سەربەست بامەڕنی)، بریکاری وەزیری پێشووی ڕۆشنبیری دەرکرد.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠ـی ئابی ٢٠٢٦، لە چوارچێوەی هەڵمەتی دژە گەندەڵیدا، جگە لە سزادانی ئەو بەرپرسە پێشووەی پشکی پارتی، لەسەر دۆسیەی نمایشکردنی شوێنەواری "گەنجینەی نەمرود" لەگەڵ کۆمپانیایەکی دانیمارکی، هاوکات فەرمانبەرێکی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سەڵاحەدینیش بە تۆمەتی دزینی زیاتر لە ملیارێک دینار دەستگیرکرا.

دەستەی دەستپاکیی عێراق ڕوونیکردەوە، بڕیاری سزادانی شەش ساڵ زیندانیکردنەکە بۆ سەربەست عومەر حەسەن، ناسراو بە سەربەست بامەڕنی، دەرچووە کە پێتر پۆستی بریکاری وەزیری ڕۆشنبیری بە پشکی پارتی وەرگرتبوو. دۆسیەکە پەیوەندی بە سەرپێچی و گەندەڵییەوە هەیە لە گرێبەستی نمایشکردنی شوێنەواری "گەنجینەی نەمرود" لە دەرەوەی وڵات لەگەڵ کۆمپانیایەکی دانیمارکی.

لە لایەکی دیکەوە، لە هەرێم و ناوچەکانی دیکەی عێراقدا هەڵمەتەکان بەردەوامن، لە پارێزگای سەڵاحەدین هێزە ئەمنییەکان فەرمانبەرێکی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆیان، بە تۆمەتی دەستکاریکردنی مامەڵەی هاوڵاتییان و دزینی ملیارێک و ١٥٤ ملیۆن دینار دەستگیرکرد، کە ئەمە سێیەم دۆسیەی گەندەڵییە لەو بەڕێوەبەرایەتییەدا لە ماوەی تەنها یەک مانگدا ئاشکرابکرێت.













گەلەری