عەباس عێراقچی، لە وەڵامی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، ئەوەی ئەمریکا ناوی ناوە ڕۆژی سەرکەوتنی ئابووری، تەنها هەوڵێکە بۆ لادانی بیروڕای گشتیی لە قەیرانە داراییە ناوخۆییەکانی ئەمریکا و ترەمپ دەیەوێت لە رێگەی ئەم هەڕەشانەوە سەرنجی خەڵک لەسەر ئەو قەیرانانە لابدات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠ـی ئابی ٢٠٢٦، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ئەمریکا ئێستا ڕووبەڕووی قەرزێکی نیشتمانی بووەتەوە، کە ٤٠ تریلیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە، هەروەها تێچووی سوودە بانکییەکانی زیادی کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ترەمپ دەیەوێت لە رێگەی ئەم
هەڕەشانەوە سەرنجی خەڵک لەسەر ئەو قەیرانانە لابدات. کە پێداگری ئەمریکا
لەسەر بەردەوامی سیاسەتە شکستخواردووەکانی ڕابردوو، تەنها شکستی زیاتری بۆ واشنتۆن
بەدوای خۆیدا دەهێنێت و دەبێتە هۆی توندتربوونی دوژمنایەتی ئێرانییەکان، عەراقچی
"تیرۆری ئابووری ئەمریکا"ی وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئابووری تەواوی جیهان و
سەروەری نیشتمانی وڵاتان وەسف کرد.
هاوکات، ئەم وەڵامەی ئێران دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد
ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەورەترین ئۆپەراسیۆنی ئابووری و گۆشەگیرکردنی دژی ئێران ڕاگەیاند
و هۆشداری دا کە هەر وڵات و دامەزراوەیەک هاوکاری ئێران بکات، ڕووبەڕووی سزای زۆر
قورس دەبێتەوە.
بەپێی دوایین داتاکانی گەنجینەی ئەمریکا، قەرزی
نیشتمانی ئەو وڵاتە لە ١٨ـی ئابدا گەیشتووەتە نزیکەی ٤٠.٥ تریلیۆن دۆلار، کە تەنها
لە ماوەی ساڵێکدا ٢.٩ تریلیۆن دۆلار زیادی کردووە، ئەوەش گەشەیەکی٪٧.٨ی قەرزەکان نیشان
دەدات.