زانکۆی سەڵاحەددین ڕایگەیاند، بەپێی ساڵنامەی نوێی خوێندن بۆ ساڵی ٢٠٢٦ - ٢٠٢٧، رۆژی ١ـی ٩ـی ٢٠٢٦، دەوامی فەڕمی دەستپێدەکاتەوە و مامۆستایان دەستبەکار دەبنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە٢٠ـی ئابی ٢٠٢٦، سامان عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەددین، ڕایگەیاند، داوا لە سەرجەم مامۆستایانی زانکۆکە کراوە لە ڕێکەوتی ١ـی ٩ـی ٢٠٢٦ سەردانی بەش و کۆلێژەکانیان بکەن، ژمارەی مامۆستایانی زانکۆکەش دووهەزار و ٦٠٠ مامۆستایە.
وتیشی، ساڵنامەی خوێندنی بۆ
ساڵی ٢٠٢٦ - ٢٠٢٧ بڵاوکردەوە و تێیدا وادەی دەستبەکاربوونەوەی مامۆستایان، دەستپێکردنی
وانەکان و دابەشکردنی بەشەناوخۆییەکانی دیاری کرد.
ڕوونیکردەوە، لە ٦ تاوەکو ١٢ـی ٩ـی ٢٠٢٦، قوتابییان تۆمار دەکرێن. هەروەها
رۆژی ١٣ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، وەک یەکەم رۆژی دەستپێکردنی دەوام دیاری کراوە و پێویستە
سەرجەم قوتابییان لە هۆڵەکانی خوێندن ئامادە بن و پرۆسەی خوێندن دەست پێدەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، قوتابییان لە ١ـی
٩ـی ٢٠٢٦ تاوەکو ١٠ـی ٩ـی ٢٠٢٦ دەست بە دابەشکردنی بەشەناوخۆییەکان دەکەن و قوتابییان
دەتوانن مامەڵەی وەرگرتنی شوێنی نیشتەجێبوون بکەن.