سەردێڕ:

دەستەی دەستپاکیی عێراق پێنج بەرپرسی لە بابل دەستگیر کرد

PM:08:34:19/08/2026

2020 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی دەستپاکیی عێراق ڕایگەیاند، بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە دەستکاریی پسوڵە داراییەکان و زیانگەیاندن بە سامانی گشتی، توانیویانە پێنج بەرپرس لە یەکێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانی لە پارێزگای بابل دەستگیر بکەن.


دەستەی دەستپاکیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، تیمێکیان پێکهێناوە بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە سەبارەت بە بوونی سەرپێچی لە یەکێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانی لە بابل، کە خۆی لە دەرکردنی نووسراو بەرامبەر بە بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردنی خانوبەرە (تاپۆ) دەبینییەوە بۆ هەڵگرتنی دەستبەسەرداگرتن لەسەر (٨) موڵک کە بەپێی یاساکانی مادەی (٢٥) فرۆشرابوون.

ئاماژە بەوەشکراوە، دوای ئەنجامدانی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە و دڵنیابوونەوە لە ڕاستیی زانیارییەکان و بەدەستهێنانی بڕیاری دادوەری، تیمەکە چوونەتە سەر بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی و توانیویانە بەڕێوەبەری شارەوانی و جێگرەکەی و ژمێریار و یاسایی و بەرپرسی هۆبەی موڵکوداراییەکان دەستگیر بکەن، هاوپێچی دەستبەسەرداگرتنی دۆسییەی ئەو موڵکانەی کە سەرپێچییەکەیان دەگرتەوە.

ڕوونیشیکردەوە، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە لە هەوڵێکدا بۆ داپۆشینی سەرپێچییەکە، تۆمەتباران وەسڵی دواخراویان ئامادەکردووە.

دەستەی دەستپاکی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، بەمەبەستی ڕێکارە یاساییە گونجاوەکان، تۆمەتباران و دەستبەسەرداگرتووەکان (وەسڵ و بەڵگەکان) خراونەتە بەردەم دادوەری تایبەتمەند.













گەلەری