سەردێڕ:

هەولێر؛ سزایی لەسێدارەدان بۆ بکوژی خێزانەکەی گەڕەکی شۆرش دەرچوو

PM:03:26:19/08/2026

1300 جار خوێندراوەتەوە

دادگای تاوانەکانی ٣ـی هەولێر، سزای لەسێدارەدانی بۆ ئەو تاوانبارە دەرکرد کە لە سەرەتای ئەمساڵدا خێزانێکی سێ کەسیی لە گەڕەکی شۆڕشی هەولێر کوشت. هاوکات دادگا هەموو ئەو پاساوانەی رەتکردەوە کە گوایە تاوانبارەکە نەخۆشیی دەروونی هەبووە و جەختی کردەوە کە لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەدا تەواو لەسەرخۆ بووە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٩ـی ئابی ٢٠٢٦، دادگای تاوانەکانی ٣ـی هەولێر، بڕیاری کۆتایی لەبارەی دۆسیەی کوشتنی خێزانەکەی گەڕەکی شۆڕش دەرکرد و بکوژەکەی بە لەسێدارەدان سزادا، سزاکە بەپێی مادەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی دەرچووە.

ڕووداوەکە لە رێکەوتی ٢٦ـی کانوونی دووەم ئەمساڵ روویدا، کە تێیدا پیاوێکی تەمەن ٦٦ ساڵ، ژنێکی تەمەن ٦٠ ساڵ و کوڕێکی تەمەن ٢٥ ساڵ لەلایەن کەسێکەوە کوژران. تاوانبارەکە دوای ئەنجامدانی تاوانەکە، ئۆتۆمبێلی خێزانەکەشی بردبوو و هەڵاتبوو.

لە دانیشتنی دادگادا، سەرجەم ئەو بەڵگانەی کە گوایە تاوانبارەکە نەخۆشیی دەروونی هەبووە، رەتکرانەوە و دادگا رایگەیاند کە بەڵگەکان دەیسەلمێنن ئەو کەسە هیچ نەخۆشییەکی دەروونیی وای نەبووە کە کاریگەریی لەسەر هۆشی هەبێت، بەڵکو رەفتارەکانی وەک پلاندانان بۆ تاوانەکە، هەڵاتن و رووبەڕووبوونەوەی پۆلیس، ئەوە دەردەخەن کە بە ئاگاییەوە کارەکەی کردووە.

هەرچەندە تاوانبارەکە نەخۆشییەکی درێژخایەنی هەبووە، بەڵام دادگا گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە لە کاتی ئەنجامدانی تاوانە دڵتەزێنەکەدا، تاوانبار تەواو لەسەرخۆ بووە و ئاگاداری هەموو وردەکارییەکانی کارەکەی بووە، بۆیە قورسترین سزای بەسەردا سەپێنرا.













گەلەری