PM:03:16:19/08/2026
956 جار خوێندراوەتەوە
بەرێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە کە باس لە راگرتنی دابەشکردنی بەنزینی حکومی دەکەن و جەخت دەکاتەوە کە پرۆسەکە بەردەوامە و هیچ کێشەیەک لە ئارادا نییە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٩ـی ئابی ٢٠٢٦، محەمەد حەسیب، بەرێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، ئەو هەواڵانەی باس لە راگرتنی هاتن و دابەشکردنی بەنزینی ٧٥٠ دیناری دەکەن دوورن لە راستییەوە، هاتنی بەنزینەکە بۆ سنووری پارێزگەی سلێمانی بەردەوامی هەیە و هیچ گرفتێک لە گەیشتنی سووتەمەنییەکەدا نییە.
سەبارەت بەو دواکەوتنەی لە هەندێک وێستگە دروستبوو، بەرێوەبەری نەوت و
کانزاکان روونیکردەوە، تەنها گرفتێکی تەکنیکی لە کاتی عەمبارکردنی بەنزینەکەدا هەبووە،
ئەمەش وایکردووە بۆ چەند کاتژمێرێک دابەشکردنی بەنزینەکە لە بەشێک لە وێستگەکان
دوابکەوێت، بەڵام دواتر دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد، کە لە ئێستادا لە ١٦ وێستگەی جیاوازی سنووری
پارێزگای سلێمانی، بەنزینی ٧٥٠ دیناری بەسەر شۆفێراندا دابەش دەکرێت و پرۆسەکە بەبێ
کێشە بەردەوامی دەبێت.