سەردێڕ:

دادوەری عێراق: مانگی ڕابردوو زیاتر لە ١٨ هەزار و ٣٥١ گرێبەستی هاوسەرگیری تۆمار کراون

PM:02:06:18/08/2026

856 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ڕایگەیاند، لە سەرجەم دادگاکانی تێهەڵچوونەوە لە پارێزگاکانی عێراقدا ١٨ هەزار و ٣٥١ گرێبەستی هاوسەرگیری تۆمار کراون، لە بەرامبەردا شەش هەزار و ٣٥٢ حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراون.


ئەمڕۆ سێشەممە ١٨ـی ئابی ٢٠٢٦، ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ئاماری فەرمیی گرێبەستەکانی هاوسەرگیری و جیابوونەوەی هاوسەرانی بۆ مانگی تەممووزی ساڵی ٢٠٢٦ بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکان لەو مانگەدا زیاتر لە شەش هەزار حاڵەتی جیابوونەوە هەبووە بەمەش بەراورد بە مانگی حوزەیران ژمارەکە زیادی کردووە.

بەپێی ئامارەکان، پارێزگای بەغدا لە پلەی یەکەمی رێژەی جیابوونەوەدا هاتووە بە شێوەیەک لە دادگای رەسافەی بەغدا هەزار و ٤٠٧ حاڵەتی جیابوونەوە، بەرامبەر دوو هەزار و ١٣١ هاوسەرگیری تۆمار کراون، هەروەها لە دادگای کەرخی بەغدا هەزار و ٢١٣ حاڵەتی جیابوونەوە، بەرامبەر هەزار و ٩٢٧ هاوسەرگیری تۆمار کراون، بەمەش کۆی حاڵەتەکانی جیابوونەوە لە بەغدا گەیشتووەتە دوو هەزار و ٦٢٠ حاڵەت، کە دەکاتە زیاتر لە ٤١٪ـی کۆی گشتیی جیابوونەوەکانی وڵات لەو مانگەدا.

هاوکات، زۆرترین رێژەی گرێبەستی هاوسەرگیری، پارێزگای نەینەوا لە پلەی یەکەمی پارێزگاکاندا هاتووە، بە تۆمارکردنی سێ هەزار و ٤١٢ گرێبەستی هاوسەرگیری و ٥٩٠ حاڵەتی جیابوونەوە.

دواتریش، پارێزگای ئەنبار دێت بە تۆمارکردنی هەزار و ٨١٧ گرێبەست، و پارێزگای بەسرە بە هەزار و ٧٦٦ گرێبەستی هاوسەرگیری، هاوکات پارێزگای بەسرە لە دوای بەغدا بەرزترین رێژەی جیابوونەوەی تێدا تۆمار کراوە کە ٦٢٠  حاڵەت بووە.

 ئاماژەی بەوەشکرد، نزمترین رێژەی جیابوونەوە لە پارێزگای واست تۆمار کراوە، کە تەنها ١٠٢ حاڵەت بووە بەرامبەر ٣٧٦ هاوسەرگیری، لە دوای ئەویش پارێزگای موسەننا بە ١٠٩ حاڵەت و میسان بە ١٥٩ حاڵەت دێن.

هاوکات، لە مانگی حوزەیراندا کۆی گشتیی حاڵەتەکانی جیابوونەوەی هاوسەران لە پارێزگاکانی عێراق شەش هەزار و ٢٥٠ حاڵەت بووە.













گەلەری