سەردێڕ:

مستەفا کازمی: داوا لە عێراق دەکەین بەرپرسیارێتیى خۆى لە پاراستنى خاکى عێراق جێبەجێ بکات

PM:03:40:17/08/2026

816 جار خوێندراوەتەوە

مستەفا کازمى، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، سەرکۆنەى هێرشە درۆنییەکانى سەر پیرمام دەکات و کازمى جەخت دەکاتەوە کە نابێت عێراق بکرێتە گۆڕەپانى یەکلاکردنەوەى حیسابات و ئاڵوگۆڕى پەیامەکان و داوا لە حکومەتى عێراق دەکات بەرپرسیارێتیى خۆى لە پاراستنى خاکى عێراق جێبەجێ بکات.


ئەمڕۆ دووشەممە ١٧ـی ئابی ٢٠٢٦، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە توندترین شێوە سەرکۆنەى ئەو هێرشە دەکەین کە بەرەبەیانى ئەمڕۆ کرایە سەر نووسینگەى مەسرور بارزانی و ماڵى بەڕێوەبەرى ئاژانسى پاراستن لە پیرمام لە پارێزگاى هەولێر، لە رێگەى دوو درۆنى بۆمبڕێژکراوەوە کە بەگوێرەى راگەیەندراوى دەزگا ئەمنییەکانى هەرێم، لە ناو خاکى ئێرانەوە ئاراستە کرابوون.

 ئاماژەی بەوەشکرد، مەترسیى ئەم دەستدرێژییە تەنیا سنوورى شوێن و ناسنامەى ئامانجەکان تێدەپەڕێنێت ئێمە لەبەردەم پەرەسەندنێکى زۆر مەترسیدار و ئاڵۆزداین، کە ناتوانرێت لە پەرەسەندنە ناوچەییەکان و هەوڵدان بۆ گواستنەوەى لێکەوتەکانى بۆ ناوخۆى عێراق جیابکرێتەوە.  بەئامانجگرتنى دامەزراوە فەرمییەکانى هەرێم بە دەستپێکردن لە خاکى دەوڵەتێکى دراوسێوە، دەستوەردانێکى راستەوخۆیە لە سەروەریى عێراق و ئەمنییەتى نیشتمانى، و هەڕەشەى راکێشانى وڵاتەکەمان دەکات بۆ ململانێیەک کە عێراقییەکان هەڵیاننەبژاردووە و هیچ بەرژەوەندییەکیان تێدا نییە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ووتی، ئەم دەستدرێژییە رەهەندێکى دیکەى زیاتریش وەردەگرێت بەوەى هاوکاتە لەگەڵ یادى ٨٠ ساڵەى دامەزراندنى پارتى، لە کاتێکدا ناوچەکە پێویستى بە فراوانکردنى پانتاییەکانى گفتوگۆ و هێورکردنەوەیە نەک گۆڕەپانى رووبەڕووبوونەوە. هەرێم بەو پەیوەندی و کەناڵانەى کە لەگەڵ لایەنە جیاوازەکان هەیەتی، توانای هەیە بەشدار بێت لە لێکنزیککردنەوەى دیدگاکان و پشتیوانیکردنى رێڕەوەکانى هێورکردنەوە، لەنێویاندا لەنێوان تاران و واشنتن، کە ئەمە رۆڵێکە شایەنى پشتیوانیکردن و بەهێزکردنە، نەک ئامانجگرتن و پەکخستن.

باسی لەوەشکرد، داوا لە حکوومەتى فیدراڵى دەکەین وەک کەیسێکى سەروەریى و ئەمنییەتى نیشتمانى مامەڵە لەگەڵ ئەوەى روویداوە بکات، و لایەنە بەرپرسەکان ئاشکرا بکات و رێکارى پێویست بۆ پاراستنى خاکى عێراق و دامەزراوەکانى دەوڵەت بگرێتەبەر.

 














گەلەری