سەردێڕ:

پارتی گەشەپێدانی تورکمان ئیدانەی هێرشی سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی دەکات

PM:02:39:17/08/2026

792 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمان، لە راگەیەندراوێکدا ئیدانەی هێرشی سەر نووسینگەی سەرۆکی حکومەت دەکەن و دەڵێت، "ئەم جۆرە هێرش و رەفتارانە پێچەوانەی پرەنسیپەکانی ئاشتی و یاسا نێودەوڵەتییەکانن و پێشێلکاریی راستەوخۆن بۆ سەروەریی وڵات"


ئەمڕۆ دووشەممە، ١٧ـی ئابی ٢٠٢٦، پارتی گەشەپێدانی تورکمان ڕایگەیاند،"ئیدانەی ئەم هێرشە ناڕەوایانە دەکەین کە کراوەتە سەر نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن".

ئاماژەی بەوەکرد، هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستوورییە و لە چوارچێوەی سیستەمێکی سیاسیی دیموکراتیی رێکخراودا بەڕێوەدەبرێت، هاوکات بنکەیەکی ئارامییە بۆ گشت پێکهاتەکانی کوردستان کە نموونەی برایەتی، تەبایی و پێکەوەژیانی ئایین و نەتەوەکانە.

جەختی لەوەش کردەوە، ئەم جۆرە هێرش و رەفتارانە پێچەوانەی پرەنسیپەکانی ئاشتی و یاسا نێودەوڵەتییەکانن و پێشێلکاریی راستەوخۆن بۆ سەروەریی وڵات، راشیگەیاندووە "ئەم جۆرە هێرشانە هەڕەشەیەکی ترسناکن لەسەر خەڵکی کوردستان، قەوارەی هەرێم و ئاشتی و ئارامیی ناوچەکە."


ئەمە لەکاتێکدایە دژەتیرۆری پارتی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، کاتژمێر ١٢:٢٨ خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-١١٠) لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی مەسرور بارزانی و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر کران.

 

 

 

 















گەلەری