سەردێڕ:

بەرپرسێکی پێشووی شارەوانیی ناسریە بە تۆمەتی بەرتیلوەرگرتن بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزادرا

PM:12:12:17/08/2026

488 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی دەستپاکی عێراق ڕایگەیاند، بەرپرسێکی پێشووی شارەوانیی ناسریە بە تۆمەتی بەرتیلوەرگرتن، ساختەکاری و دەستکاریکردنی مامەڵەی زەویوزار بە ٦ ساڵ زیندانیکردن سزادرا.


ئەمڕۆ دووشەممە ١٧ـی ئابی ٢٠٢٦، دەستەی دەستپاکی عێراق بڵاویکردەوە، دادگای تاوانەکانی زیقار بڕیاری شەش ساڵ زیندانیکردنی، بۆ بەرپرسی پێشووی هۆبەی موڵکداریی لە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی ناسریە دەرکرد، دوای ئەوەی سەلمێندرا کە بەرتیلی وەرگرتووە و دەستکاری لە مامەڵەی زەویوزاردا کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، دادگای تاوانەکانی زیقار بڕیارێکی ئامادەیی بۆ سزادانی بەرپرسی پێشووی هۆبەی موڵکدارایی لە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی ناسریە دەرکردووە، کە بەپێی بڕیاری (١٦٠ی ساڵی ١٩٨٣) سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سزادانی ناوبراو دوای ئەوە هات کە سەلمێندرا بەرتیلی وەرگرتووە و دەستکاری لە مامەڵەکانی خاوەندارێتی، تەرخانکردن و فرۆشتنی زەوییەکانی سەر بە شارەوانی کردووە، هاوکات دەستکاری، نوسراو و وەسڵە بەتاڵەکان و پەڕاوی فەرمیدا کردووە.

ڕوونیشیکردەوە، لە کاتی پشکنینی ماڵی تۆمەتبارەکەدا لەلایەن مەفرەزەکانی نوسینگەی لێکۆڵینەوەی زیقار بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری، سەدان بەڵگەنامە، ئەرشیف و وەسڵی ساختەی سەر بە شارەوانیی ناسریە و هاوڵاتییان دۆزراونەتەوە و دەستیان بەسەردا گیراوە. دادگاش دوای پێداچوونەوە بە بەڵگەکان و دانپێدانانی تۆمەتبار، بڕیاری کۆتایی سزادانەکەی دەرکرد.













گەلەری