رۆژنامەی مەدا بڵاویکردەوە، گروپە چەکدارەکانی عێراق خاوەنی شەش جۆر چەکی قورس و مامناوەندن و بەسەر ١٢ پارێزگادا دابەشکراون، هەروەها، ئێران موشەکی بالیستی و چەندین جۆر درۆنی رادەستی ئەو گروپانە کردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦ـی ئابی ٢٠٢٦، رۆژنامەی مەدا بڵاویکردەوە، پێویستە ئەو گروپە چەکدارانە لەگەڵ کۆتاییهاتنی مۆڵەتی حکومەت لە ٣٠ی ئەیلولدا، ئەو شەش جۆرە سەرەکییەی چەک و کەرەستەی سەربازی رادەست بکەن کە بەسەر ١٢ بنکە و پێگەدا لە بەسرەوە تاوەکو نەینەوا دابەشکراون.
ئاماژەی بەوەکرد،
تاوەکو ئێستا شێوازی کۆتاییهاتنی ئەو پرسە لە نێوان رێککەوتنی سیاسی و
رووبەڕووبوونەوەیەکدا بە نادیاری ماوەتەوە.
باسی لەوەشکردووە،
جبەخانەی ئەو گروپانە شەش جۆری سەرەکی لەخۆدەگرێت کە پێکهاتوون لە موشەک، درۆن،
راجیمە، هاوەن و تۆپخانە، چەکی دژە زرێپۆش، لەگەڵ چەکی سووک و قەناس و بۆمبی
چێنراو.
ڕوونیکردەوە،
موشەکە بالستییەکان لە پێشەنگی مەترسییەکانی ئەمریکادان و بەپێی سەرچاوەکان،
ئەمریکا پێیوایە ئەو گرووپانە لایەنی کەم هەشت موشەکی بالستییان بەدەستەوەیە.
ئەوەشی
خستووەتەڕوو، زانیارییە دزەپێکراوەکان باس لە گواستنەوەی موشەکی ئێرانی لە جۆری
(ئارش) و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر و خۆکوژ دەکەن بۆ عێراق کە لە ساڵی ٢٠٢٠ـەوە
لە ناوچەی (جورف سەخر) کۆگاکراون، کە ئەو ناوچەیەش بە گەورەترین گرێکوێرە و مەتەڵی
دۆسیەی چەک لە عێراق دادەنرێت.
راشیگەیاند، لە
ئێستادا پرسیارە گرنگەکە تەنها ئەوە نییە کە ئایا ئەو گروپانە چەکەکانیان رادەست
دەکەن یان نا، بەڵکو ئەوەیە ئایا بەڕاستی رادەستی دەکەن، یان دووبارە دابەشی
دەکەنەوە و دەیگوازنەوە بۆ پێکهاتەی نوێ.