بەڕێوەبەری دەستەی گشتیی گومرگى عێراق ڕایگەیاند، لە ماوەی حەوت مانگی ئەمساڵدا داهاتى گومرگى عێراق دوو ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینار بوو، ئەم داهاتانە دوای جێبەجێکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنى و بەستنەوەى سەرجەم ناوەندە گومرگییەکان بە ناوەندەوە هاتوونەتە ئاراوە.
ئەمڕۆ شەممە ١٥ـی ئابی ٢٠٢٦، سامر قاسم تائی، بەڕێوەبەری دەستەی گشتیی گومرگى عێراق لە لێدوانێکدا ئاشكرای کرد، داهاتی گومرگ بۆ بەرزترین ئاستی خۆی بەرزبووەتەوە، کە تا ئێستا گەیشتووەتە دوو ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینار، ئەمەش یەکسانە بە تەواوی داهاتی ساڵی ٢٠٢٥.
ئاماژەى بەوەشکرد،
لە مانگی تەمووزی ڕابردوودا داهاتی گومرگی گەیشتووەتە ٥٦٠ ملیار دینار، کە بەڕێژەی
١٥٠٪ زیادی کردووە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی ٢٠٢٥، هەروەها پێشبینی کرد تا کۆتایی
ئەمساڵ داهاتەکە بگاتە زیاتر لە ٣.٥ ترلیۆن دینار، کە ئەمەش بەرزترین ئاستی داهاتە
لە مێژووی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە.
باسی لەوەشکرد،
ئەم داهاتانە دوای جێبەجێکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنى و بەستنەوەى سەرجەم ناوەندە
گومرگییەکان بە ناوەندەوە هاتوونەتە ئاراوە، کە ئەمەش ڕۆڵی هەبووە لە کەمکردنەوەی
گەندەڵی و خۆدزینەوە لە باج و گومرگ لە تەواوی دەروازە سنوورییەکاندا.
ئەوەش لە
کاتێکدایە، لە ئـێستادا سیستەمى ئەسیکۆدا لە دەروازە سنوورییەکانى عێراق و هەرێمى
کوردستان جێبەجێ دەکرێت، کە ڕاستەوخۆ دەروازەکان بە بەغدادەوە دەبەستێتەوە، ئەمەش
وایکردووە تاڕادەیەک گەندەڵى لەو دەروازانە کەم ببێتەوە.