هۆشیار زێباری دەڵێت، قەیس خەزعەلییان بانگهێشتی هەرێمی کوردستان کردووە و ماڵی خۆیەتی، هەروەها هەفتەی داهاتوو گفتوگۆکان بۆ پڕکردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەکان دەستپێدەکەن.
ئەمڕۆ هەینی ١٤ـی ئابی ٢٠٢٦، هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی دیجلە وتی، هەفتەی داهاتوو گفتوگۆکان بۆ پڕکردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەکان دەستپێدەکەن و ڕێباز حەملان کاندیدی پارتییە بۆ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە هەروەها، پارتی بە هێزەوە پشتگیری لە حکومەتەکەی عەلی زەیدی دەکات.
وتیشی، هەندێک ئاستەنگ لەبەردم وەزارەتە
سیادییەکانی وەک بەرگری، ناوخۆ و پلاندانان هەیە، جگه لە بوونی ڤیتۆیەکی
نێودەوڵەتی لەسەر بەشداریپێکردنی ئەو کەسایەتییانەی ناویان لە لیستی تیرۆر و
سزاکاندایە.
ئاماژەی
بەوەشکرد، بەستەڵەکی
نێوانیان شکاوە لەگەڵ لایەنە شیعەکان و قەیس خەزعەلی ئهمینداری گشتیی عەسائیبی
ئەهلی حەقیان بانگهێشتی هەرێم کردووە، ئەویش بەڵێنی داوە سەردان بکات.
باسی لەوەشکرد،
بە مەبەستی هەماهەنگیی بەردەوام و پڕکردنەوەی بۆشاییە سیاسییەکان ناوەندێکی
سەرکردایەتییان لە بەغدا دامەزراندووە. هەروەها پشتگیریی حکومەتەکەی عەلی زەیدی
دەکەن و بە دەرفەتێکی گرنگی دەبینن بۆ عێراق.
لەبارەی دۆخی
ئەمنی و پەیوەندییە هەرێمییەکان وتی، "ئێران هەژموونی لە عێراقدا هەیە بەڵام
پێویستە شێوازی پەیوەندییەکانی بگۆڕێت بۆ دیپلۆماسی و ڕەسمی".
لەبارەی گرژییەکانی ناوخۆ ڕوونیکردەوە، بەهۆی
بوونی لایەنی ژیر لە مالێکی شیعدا و ڕێگرییەکانی ئێران، بارودۆخەکە ناگاتە ئاستی
شەڕی شیعه و شیعه، بەڵام گلەیی لەوە کرد سەرەڕای ڕادەستکردنی ناوی تۆمەتبارانی
هێرشەکانی سەر هەولێر، هیچ ڕێکارێکی یاسایی بەرامبەریان نەگیراوەتە بەر.