سەردێڕ:

وەزیری دارایی عێراق بڕیارێکی نوێی لەبارەی سیستەمی بودجەوە دا

PM:11:22:13/08/2026

1144 جار خوێندراوەتەوە

فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ لیژنەی ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٧، کۆبووەوە و ڕەشنووسی پرۆژەی ڕێنمایی نیشتمانیی بۆ "بودجەی بەرنامە و ئەنجامەکان" پەسەند کرد، کە ئامانج لێی بەستنەوەی پارەی تەرخانکراوی وەزارەتەکانە بە ئەنجامی کارەکانیانەوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٣ـی ئابی ٢٠٢٦، نووسینگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی عەلی کەریم، بریکاری وەزارەت و ئەندامانی لیژنەکە بەڕێوەچوو، تێیدا تاوتوێی هەنگاوەکانی گواستنەوە بەرەو سیستەمێکی نوێی بودجە کرا کە تێیدا بڕی پارەی تەرخانکراو ڕاستەوخۆ دەبەسترێتەوە بە کارە لەپێشینەکان و بەدیهێنانی ئامانجەکان.

لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا ڕەشنووسی پرۆژەکە بخرێتە ژێر پێداچوونەوەی کۆتایی بە هاوکاریی هاوبەشە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، لە سەروویانەوە بانکی نێودەوڵەتی. هاوكات بەرنامەی پەسەندکراوی حکومەت دەکرێتە بنەمای سەرەکی بۆ داڕشتنی ئەم سیستەمە نوێیەی بودجە.

لە لایەن خۆشییەوە، وەزیری دارایی جەختی لەوە کردەوە کە کار دەکەن بۆ ئەوەی بودجەی داهاتوو روونتر بێت لە دیاریکردنی پێداویستییەکان و وردتر بێت لە بەدواداچوون بۆ سەرکەوتنی پرۆژەکان.













گەلەری