AM:09:11:08/02/2026
1112 جار خوێندراوەتەوە
سەرۆکی حکومەتی ماوەبەسەرچوو دەڵێت، لەسەر بنەمای ئەو لۆژیکەی کە لایەنی شیعە و لایەنی سونە پەیڕەوی دەکەن، کە تیایدا زۆرینەی براوەی هەر پێکهاتەیەک بەرپرسیارە لە کاندیدکردنی نوێنەری خۆی، پێویستە ئەمە بۆ کوردیش راست بێت.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ماوبەسەرچوو لە چاوپێکەوتنێکیدا لە سکای نیوز وتی، پارتی دیموکراتی کوردستان خاوەنی زۆرترین دەنگی جەماوەرییە لەسەر ئاستی تەواوی وڵات؛ زیاتر لە ١.٢ ملیۆن کەس دەنگیان بە پارتی داوە، ئەمەش پارتی دەکاتە گەورەترین هێز لە هەموو عێراقدا و مانای ئەوەیە نیوەی دانیشتووانی کورد دەنگیان بە پارتی داوە.
وتیشی، ئەگەر
هەمان لۆژیکی شیعە و سوننە بۆ دیاریکردنی کاندیدەکان بەکاربهێنین، ئەوا مافی
پارتییە کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دیاری بکات و ئێستا پارتی ئامادەیە رەچاوی
زۆرینەی خەڵکی کوردستان و بەرژەوەندییەکانیان بکات، ئەویش بە قبوڵکردنی رێککەوتن
(کۆدەنگی) لەسەر کاندیدێکی یەکگرتوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر لایەنەکانی دیکە ئامادە نەبن کاریان لەگەڵ
بکەن بۆ کاندیدێکی یەکگرتوو، ئەوا تەنها دەتوانن لە رێگەی پرۆسەیەکی
دیموکراسییانەی دادپەروەرانەوە بگەنە ئەنجام. ئەویش بەوەی کە پەرلەمانی کوردستان
دەنگ لەسەر کاندیدەکان بدات و هەرکەسێک بەرزترین دەنگی هێنا ببێتە کاندیدی
یەکگرتووی هەموو کورد و پاشان پێشکەشی پەرلەمانی فیدراڵ بکرێت.
باسی لەوەشکرد،
رێگەیەکی دیکە ئەوەیە کە ئەندامە کوردەکانی ناو پەرلەمانی عێراق، لە قۆناغی
یەکەمدا دەنگ بدەن بەو کاندیدانەی کە ئێستا بەردەستن؛ هەرکەسێک زۆرترین دەنگی
کوردەکانی ناو پەرلەمانی عێراقی بەدەستهێنا، دەبێتە کاندیدی یەکگرتوو و دواتر بۆ
بڕیاری کۆتایی پێشکەشی پەرلەمان دەکرێت، ئەم مێتۆدانە تاکە رێگەن بۆ ئەوەی بە
شێوەیەکی دادپەروەرانە سەرۆککۆمار هەڵبژێرن ئەگەر رێککەوتن نەکەن و تا ئێستاش وا
دیارە کە نەگەیشتوونەتە رێککەوتن لەگەل پارتەکانی تر.