سەردێڕ:

دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکا بەڕێوەدەچێت؟

AM:08:19:05/02/2026

672 جار خوێندراوەتەوە

پێگەی هەواڵیی ئەکسیۆسی ئەمریکی ئاشکرای کرد، ئەو دانوستانە چاوەڕوانکراوەی بڕیار بوو رۆژی هەینی لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا بەڕێوەبچێت بە فەرمی هەڵوەشاوەتەوە. وەزیری دەرەوەی ئێرانیش ئەو هەواڵە رەتدەکاتەوە.


دوای ئەوەی بڕیاربوو بە مەبەستی لێکتێگەشتن سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی نێوانیان رۆژی هەینی هەریەکە لە ئەمریکا و ئێران لە عوممان کۆببنەوە، بەڵام پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمریکی دەڵێت، کۆبوونەوەکە هەڵوەشاوەتەوە.

وتیشی،ئەم پێشهاتەش دوای ئەوە هات کە واشنتن پەیامێکی یەکلاکەرەوەی ئاراستەی تاران کرد و تێیدا جەختی لەوە کردەوە بە هیچ شێوەیەک سازش لەسەر شوێن و شێوازی دیاریکراوی گفتوگۆکان ناکات.

بەپێی زانیارییەکان، هۆکاری سەرەکیی تێکچوونی ئەم هەوڵە دیپلۆماسییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئێران رەتیکردووەتەوە بچێتە ناو گفتوگۆیەکەوە کە بابەتە نا ئەتۆمییەکانی وەک بەرنامەی مووشەکی بالیستی و رۆڵی هەرێمیی ئەو وڵاتە لەخۆبگرێت، هاوکات داوای گۆڕینی شوێنی دانوستانەکانیشی کردبوو.

پێش راگەیاندنی هەواڵی هەڵوەشانەوەکە، مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە دابوو کە وڵاتەکەی بۆ کۆبوونەوەکەی رۆژی هەینی ئامادەیە، بەڵام رەخنەی لە هەڵوێستی تاران گرت و رایگەیاند، ئێرانییەکان سەرەتا بە شێوازێکی دیاریکراو بۆ گفتوگۆکان رازی بوون، بەڵام دواتر رای خۆیان گۆڕی.

میدیاکانی ئێرانیش دەڵێن، بڕیار بوو دانوستانەکان تەنها جەخت لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی و هەڵگرتنی سزاکان بکات، بەبێ باسکردنی هیچ مەرجێکی دیکە بەڵام لایەنی ئەمریکی ئەوەیان ناوێت.

لەبەرامبەردا عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی، بڕیارە دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمریکا کاتژمێر ١٠ـی بەیانی رۆژی هەینی لە شاری مەسقەت بەڕێوەبچێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە گرژیەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لەم دوایانەدا بەرەوپێشچوونێکی بەرچاویان بەخۆیانەوە بینیووە و مەترسی پێکدادانی سەربازی لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا تا بێت زیاد دەکات.














گەلەری