سەردێڕ:

ناوەرۆکی رێککەوتنە نوێکەی هەسەدە و دیمەشق ئاشکرا کرا

PM:08:12:29/01/2026

2448 جار خوێندراوەتەوە

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، هەردوو لایەنی "هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)" و "حکومەتی کاتیی سووریا" نزیکن لە راگەیاندنی رێککەوتنێکی بەرایی زۆر گرنگ.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٩ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٦، بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەم ڕێککەوتنە گۆڕانکاری بنەڕەتی لە نەخشەی سەربازی، ئەمنی و ئیداری ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا (ناوچە کوردییەکان) دەهێنێتە کایەوە.

بەپێی زانیارییەکان، رێککەوتنەکە چەند هەنگاوێکی سەربازیی هەستیار لەخۆ دەگرێت، لەوانە:

کشانەوەی هێزەکانی حکومەتی کاتی سوریا لە شاری "شەدادی" و نەچوونی سوپای سووریا بۆ ناوچە کوردییەکان؛ لە بەرامبەردا هێزەکان دەگەڕێنەوە ناو بنکە و سەربازگەکانی پێشوویان.

"هەسەدە" لیستێکی ٢٠ بۆ ٢٥ هەزار شەڕڤانی ئامادە کردووە بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی دوو "لیوا"ی تایبەتدا ببنە بەشێک لە وەزارەتی بەرگری سووریا، بە مەرجێک تایبەتمەندی و پێکهاتەی ڕێکخراوەیی هەسەدە رەچاو بکرێت.

لە رووی ئەمنییەوە، ئەرکی پاراستنی ناوخۆی ناوچە کوردییەکان بە هێزەکانی "ئاساییش" دەسپێردرێت، سەبارەت بە سەروەریی سنوورەکان، بڕیاردراوە دەروازە سنوورییەکان (بە تایبەت دەروازەی سێمالکا)، فڕۆکەخانەکان و هێڵە سنوورییەکان بە هاوبەشی لە نێوان هەردوولادا بەڕێوەببرێن.

رێککەوتنەکە لایەنێکی ئیداریی گرنگیشی هەیە، کە بریتین لە:

دیاریکردنی پارێزگار و بەرپرسانی باڵا لە وەزارەتەکاندا لەو کەسایەتییانەی کە "بەڕێوەبەریی خۆسەر" پێشنیازیان دەکات.

پێکهێنانی ئەنجومەنی خۆجێی لە خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکانی (سەری کانیێ و عەفرین) بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری خزمەتگوزاری و کارگێڕی، وەک هەنگاوێک بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە.

ئەم لێکتێگەیشتنە نوێیەی نێوان هەسەدە و حکومەتی نوێ، دوای شەڕو ئاڵۆزیەکانی ئەم دواییە دێت ئەوەش کارادنەوەی زۆری ناوخۆیی دەرەکی لێکەوتەوەو بووە هۆی کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ بۆ ڕێگریکردن لە پێکدادانی زیاتر و گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی کە بەرژەوەندی هەردوولای تێدا بێت.













گەلەری