سوپای سوریا لە راگەیەندراوێکدا هۆشدار دەداتە دانیشتووانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب و دەڵێت، سەرجەم پێگەکانی هێزەکانی هەسەدە لەو ناوچانەدا دەبنە ئامانجی رەوای سەربازی سوپای سووریا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٧ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، سوپای سوریا، بانگەشەی ئەوە دەکات ئەم بڕیارە دوای ئەوە هاتووە کە هەسەدە ئۆپەراسیۆنی گەورەی سەربازیی بە ئاڕاستەی گەڕەکەکانی حەلەب دەستپێکردووە.
لە بەشێکی
دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سوپای سوریا داوا لە هاوڵاتییانی مەدەنی نیشتەجێی
هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە دەکات، بە مەبەستی پاراستنی گیانیان
دەستبەجێ لە بارەگا و خاڵە سەربازییەکانی هەسەدە دووربکەونەوە.
هاوکات بۆ
دەرچوونی هاوڵاتییان لەو ناوچانە، سوپا کردنەوەی دوو رێڕەوی مرۆیی ئارامی راگەیاندووە،
کە بریتین لە، دەروازەی عەوارز و شەقامی زهوور.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا
جەخت کراوەتەوە کە ئەم رێڕەوانە تەنها تاوەکو کاتژمێرسێی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بە
کراوەیی دەمێننەوە.
هاوکات
دامەزراوەکانی سەر بە حکومەتی سوریا، بە شێوەیەکی کاتی جموجۆڵی نیشتنەوە و فڕینیان
لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەلەب راگرت، ئەمەش بەهۆی ئەو شەڕ و پێکدادانانەی لە
نێوان هێزەکانی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە گەڕەکەکانی شێخ
مەقسود و ئەشرەفییە و بەنی زەید لە حەلەب بووە.