سەردێڕ:

قەرەبووی خاوەن ئۆتۆمبێلە زیانلێکەوتووەکانی لافاوەکەی چەمچەماڵ دەستیپێکرد

PM:12:23:07/01/2026

548 جار خوێندراوەتەوە

کۆمسیۆنی فریاگوزاری بوژاندنەوەی چەمچەماڵ، دەسپێكردنی قەرەبووكردنەوەی خاوەن ئۆتۆمبێلە زیانلێکەوتوەکانی لافاوەکەی ڕاگەیاند و ئەمڕۆ بە بڕی نزیكەی یەك ملیار دینار قەرەبوی ٦٩٤ ئۆتۆمبێلی زیان لێكەوتو دەكرێتەوە، كە هاوكارییەكان لە ١٠٠ هەزار دینارەوە دەسپێدەكات تاكو ١٥ ملیۆن دینار.


ئەمڕۆ چوارشەممە ٧ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٦، عەتا محەمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی فریاگوزاری بوژاندنەوەی چەمچەماڵ ئەمڕۆ چوارشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا وتی، قۆناغێكی دیكەی قەرەبوكردنی زیانلێكەوتووانی لافاوەكەی چەمچەمال دەسپێدەكەن و ئەمڕۆ قەرەبووی ٦٩٤ ئۆتۆمبێلی زیان لێكەوتوو دەكرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، نزیكەی ٨٠٠ خاوەن ئۆتۆمبێل سكاڵا و داواكارییان پێشكەش كردوە بۆ قەرەبوكردنەوە و ئەو ٦٩٤ ئۆتۆمبێلە لەوانە جیاكراونەتەوە و ئەوانەی دیكەش مەرجەكانیان تێدا نەبووە، یاخود لیژنەی بەراد و پسپۆر نەیان سەلماندووە كە زەرەرمەندی لافاون.

بەوتەی عەتا محەمەد، هاوكارییەكان لە ١٠٠ هەزار دینارەوە دەسپێدەكات تاكو ١٥ ملیۆن دینار، ئەوەش بەگوێرەی زیانەكانە كە لیژنەی تایبەت هەڵسەنگاندیان بۆ كردوە، بڕی پارەكەشی نزیكی یەك ملیار دینارە.

دەشڵێت، "قۆناغی داهاتوو قەرەبووكردنەوە دوكان و شوێنە بازرگانیەكانە كە هەفتەی داهاتوو دەسپێدەكات"، پاشان پێداچوونەوە بۆ سكاڵاكان دەكرێت.













گەلەری