PM:10:11:13/01/2026
6656 جار خوێندراوەتەوە
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی رەتیدەكاتەوە سبەینێ بەهۆی نالەباریی رەوشی كەشوهەوا، بكرێتە پشووی ناوەندەكانی خوێندن و دەڵێت، لە سەنتەری شاری سلێمانی دەوامی خوێندنگەكان ئاسایی دەبێت، پەروەردەی شارۆچكەكانیش سەرپشككراون لە راگرتنی دەوام لە سنوورەكانیان.
ئەمڕۆ سێشەممە ١٣ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٦، نەژاد عەبدوڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی وت، بەگوێرەی زانیارییەكانی كەشناسی سلێمانی، سبەینێ چوارشەممە، كەشوهەوا لە سەنتەری شاری سلێمانی ئاسایی دەبێت، بۆیە دەوامی خوێندنگەكان ئاسایی دەبێت و ناكرێتە پشوو.
سەبارەت بە راگەیاندنی پشوو لە سنووری پەروەردەی قەزاكانیش، بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی وتی، "بەڕێوەبەری پەروەردەی شارۆچكەكان سەرپشككراون بەهاوبەشی لەگەڵ قائیمقامەكان دەوام رابگرن، هەریەكە لە پەروەردەكانی پێنجوێن، شارباژێڕ و دوكان تاوەكو ئێستا بڕیاریاندا سبەینێ دەوامی ناوەندەكانی خوێندن لە سنوورەكانیان رابگیرێت.
پێشتر هەریەك لە پەروەردەكانی شارباژێڕ و پێنجوێن و دوكان، بڕیاریاندا بەهۆی نالەباریی رەوشی كەشوهەوا و دابەزینی پلەكانی گەرما، سبەینێ چوارشەممە بكەنە پشووی فەرمی لە ناوەندەكانی خوێندن.
ئیحسان سابیر - سلێمانی