سەردێڕ:

عێراق و ئەمریکا گفتوگۆکانیان بۆ پەرەپێدانی کەرتی نەوت چڕ دەکەنەوە

PM:08:03:04/01/2026

476 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەگەڵ جێگری سەرۆکی کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمریکی کۆبووەوە و لە دیدارەکەدا پەرەپێدانی هاوکارییەکانی نێوان وەزارەتی نەوت و کۆمپانیا ئەمریکییەکە لە بوارەکانی وزە و وەبەرهێنان تاوتوێ کرا.


ئەمڕۆ یەکشەممە ٤ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٦، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی لە جۆ کوک، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای شێڤرۆنی ئەمریکی بۆ وزە کرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا سودانی جەختی لە گرنگیی رەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ وەبەرهێنەران کردەوە و باسی لەوەکردووە، پێویستە ئاستەنگەکان لاببرێن و گرێبەستەکان بەجۆرێک دابڕێژرێنەوە کە لەگەڵ ئامانجەکانی حکومەت بۆ زیادکردنی بەرهەمی نەوت و فراوانکردنی تواناکانی پاڵاوتن بگونجێن.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆتایی دیدارەکەدا، سودانی وەزارەتی نەوتی راسپارد کە گفتوگۆکانیان لەگەڵ کۆمپانیای شیڤرۆن بەردەوام بن، تاوەکو باشترین دەرفەت بۆ وەبەرهێنان لە سامانی نیشتیمانی و بەهێزکردنی کەرتی نەوتی وڵات بدۆزرێتەوە.













گەلەری