ئەمڕۆ کۆمسیۆنی نیشتمانی بۆ هاوپشتی و برایەتی و دیموکراسی تایبەت بە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا بۆ تاوتوێکردنی راپۆرتی لایەنەکان کۆبووەوە و سەرۆکی پەرلەمانی تورکیاش وتی، پێویستە راپۆرتی هاوبەشی لایەنەکانی لیژنەکە ببرێتە پەرلەمان و کاری لەسەربکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٤ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥، کۆمسیۆنی ئاشتی کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەیاندا راپۆرتی پێشکەشکراوی لایەنەکان تاوتوێکرا و راپۆرتەکە دواتر بەرزدەکرێتەوە بۆ پەرلەمان.
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیاش
وتی، سەرجەم لایەنەکانی بەشدار لە کۆمسیۆنەکە راپۆرتی خۆیانیان پێشکەشکردووە و لە
ئێستادا دەمانەوێت راپۆرتێکی هاوبەشی سەرجەم لایەنەکان هەبێت و دواتر ئەو راپۆرتە
بەرزبکرێتەوە بۆ پەرلەمان.
وتیشی، پڕۆسەکە قۆناغێکی باشی بڕیوە دەیانەوێت
پڕۆسەی ئاشتی بە باشی کۆتاییبێت و پێویستە راپۆرتی
هاوبەشی لایەنەکانی لیژنەکە ببرێتە پەرلەمان و لەوێ دەست بە هەنگاوە کردارییەکان
بکرێت و کاری لەسەربکرێت.
راپۆرتە هاوبەشەکە هەڵسەنگاندنێکی گشتی بۆ چوارچێوە یاساییەکانی
پەیوەست بە پرۆسەکەش لەخۆدەگرێت و لە راپۆرتە هاوبەشەکەدا تیشک دەخاتە سەر ئەو
خاڵانەی لایەنەکان لەسەری كۆكن، چوارچێوە یاساییەکە گشتی دەبێت و وردەکاری تەکنیکی
ناخرێتە ناوەوە.