سەردێڕ:

پایتەختی ئیسرائیل بە گرانترین شار بۆ ژیانکردن دەستنیشانکرا

PM:06:07:02/12/2021

10112 جار خوێندراوەتەوە

یەکەی ئابوری جیهانی خەمڵاندنی بۆ گرانترین شارەکانی جیهان بۆ ژیانکردن ئەنجامداوە و بەگوێرەی دەرئەنجامی خەمڵاندنەکەش، شاری "تەل ئەبیب"ی پایتەختی ئیسرائیل بە گرانترین شار جیهان بۆ ژیانکردن دەستنیشانکراوە.


خەمڵاندنەکەی یەکەی ئابوریی جیهانی هەستاوە بە بەراوردکردنی بڕی تێچوونی ژیانکردن بۆ کاڵا و کەلوپەل و خزمەتگوزارییەکان لە ١٧٣ گەورە شاری جیهاندا.

ئەم خەمڵاندنەی ئەمساڵی یەکەی ئابوریی جیهانی لەکاتێکدایە، لە خەمڵاندنەکەی ساڵی رابردوویدا، شاری تەل ئەبیب لە ریزبەندی پێنجەم شاری جیهاندا بوو بۆ گرانیی خزمەتگوزاریی و کەلوپەل، بۆ ئەو کەسانەی کە تیایدا دەژین.

هاوکات، شاری دیمەشقی سوریاش، لە هەمان ئاستی ساڵی رابردوویدا، هەرزانترین شار بۆ ژیانکردن، مایەوە.

بەگوێرەی یەکەی ئابوریی جیهانی، تەواوی داتا و ئامارەکانی خەمڵاندنەکە لە مانگەکانی ئاب و ئەیلولی ئەمساڵدا کۆکراونەتەوە و تەواوی نرخەکانیش بە گوێرەی دراوە ناوخۆییەکان بە رێژەی ٣.٥٪ بەرزبوونەتەوە، هاوکات خێراترین ئاستی هەڵئاوسانیش لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا تۆمارکراوە.

دەستنیشانکردنی شاری تەلئەبیب وەک گرانترین شاری جیهان بۆ ژیانکردن بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە بەهای دراوی ئیسرائیل "شیکیڵ" لەبەرامبەر دۆلاردا دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش وایکردووە کە بەهای کەلوپەل و بەتایبەتیش سەوزە و میوە بە رێژەی ١٠٪ بەرزببێتەوە.

لەوبارەیەشەوە، سەرۆک شارەوانی تەل ئەبیب لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی هارێتزی ئیسرائیلی ئەوەی خستوەتەڕوو، "کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە ئیسرائیل ناوەندی گەورەی بازرگانی شوێنگرەوەی نییە، بۆ نموونە لە ئەمریکا، نیو یۆرک هەیە، شیکاگۆ و میامی و چەندین ناوەندی دیکە هەن، لە بەریتانیاش بەهەمان شێوە، لەندەن و مانچستەر و لیڤەرپوڵ هەن، ئەمەش وادەکات ئەگەر شارێک گران بوو بۆ ژیانکردن، دەتوانیت بچیتە شارێکی دیکە".

نەورەس غەریب













گەلەری