سەردێڕ:

پرۆسەی ئاڵۆگۆڕی بارمتەکان لە نێوان ئیسرائیل و حەماس دەستیپێکرد

AM:08:33:13/10/2025

1068 جار خوێندراوەتەوە

پرۆسەی ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکانی غەززە لە کاتژمێر هەشتی بەیانی لە میحوەری نەتساریمەوە دەستیپێکرد و کاتژمێر ١٠ـی بەیانی لە خانیونس لە غەززە بەردەوام دەبێت.


ئەمڕۆ دووشەممە ١٣ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، کاتژمێر ٨ـی بەیانی ئەمڕۆ بزووتنەوەی حەماس ژمارەیەک بارمتەی ئیسرائیلی کە لە غەززە دەستبەسەری کردبوون لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، لە بەرامبەر نزیکەی دوو هەزار زیندانیکراو و بارمتەی فەڵەستینی بەپێی مەرجەکانی ئاگربەست ئازاد کرد.

هاوکات خاچی سوور رایگەیاند، حەوت بارمتەی (ئیسرائیلی)مان وەرگرتووە پاش ئازادکردنیان لە کەرتی غەززە.
بەگوێرەی پلانەکەی ترەمپ، کاتێک حەماس بارمتەکان رادەستدەکات، ئیسرائیل دەست بە ئازادکردنی نزیکەی دوو هەزار زیندانیکراوی فەڵەستینی دەکات.

سوپای ئیسرائیل بە فەرمی کەسوکاری بارمتەکانی ئاگادار کردووەتەوە، پرۆسەی ئازادکردنەکە بە دوو قۆناغ دەبێت و داوای لێکردوون کاتژمێر ٧:٣٠ بەیانی لە بنکەی سەربازیی "ڕیعیم" ئامادەبن.

سەرچاوەیەکی باڵا لە بزووتنەوەی حەماس بە کەناڵی جەزیرەی وتووە، بزووتنەوەکە لە پەیوەندیدایە لەگەڵ نێوەندگیرەکاندا بۆ یەکلاییکردنەوەی لیستی کۆتایی زیندانییەکان، سەرەڕای ئەوەی رووبەڕووی رەتکردنەوەی ئیسرائیل بوونەتەوە لەسەر هەندێک ناو.

ئەو سەرچاوەیە دووپاتی کردەوە، گروپەکان پابەندبوونی خۆیان بە رێککەوتنەکەوە نوێ کردووەتەوە و ئامادەکارییەکانیان بۆ ڕادەستکردنی دیلە زیندووەکانی ئیسرائیل تەواو کردووە، کە لە سێ میحوەری جیاوازەوە لە کەرتی غەززە ئەنجام دەدرێت.

سەبارەت بە تەرمی کوژراوەکان، دەسەڵاتی پەخشی ئیسرائیل رایگەیاندووە، دوای ئازادکردنی بارمتە زیندووەکان، ئیسرائیل لە بەرامبەر هەر تەرمێکی ئیسرائیلیدا، تەرمی ١٥ چەکداری حەماس ئازاد دەکات، تیمێکی هاوبەش لە ئیسرائیل، ئەمەریکا، میسر، تورکیا، قەتەر و خاچی سوور سەرپەرشتی ناسینەوەی تەرمەکان دەکەن.

بینیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، گەڕانەوەی دیلەکانی بە "رووداوێکی مێژوویی" وەسف کرد، بەڵام جەختی کردەوە، "شەڕەکە کۆتایی نەهاتووە" و ئیسرائیل هێشتا رووبەڕووی ئاستەنگی ئەمنیی گەورە دەبێتەوە.

ئەم ئاڵوگۆڕە قۆناغی یەکەمی ئەو رێککەوتنەیە کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکاوە راگەیەندرا و بە نێوەندگیریی تورکیا، میسر و قەتەر بەڕێوەچوو.
رێککەوتنەکە بریتییە لە
:

ئازادکردنی ٢٥٠ زیندانی فەڵەستینی کە سزای هەتاهەتایییان هەیە.
ئازادکردنی نزیکەی هەزار و ٧٠٠ فەڵەستینی کە لە دوای ٧ـی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ دەستگیرکراون.
لە بەرامبەردا، ئازادکردنی ٤٨ بارمتەی ئیسرائیلی لە غەززە، کە تەلئەڤیڤ مەزەندەی دەکات ٢٠ کەسیان لە ژیاندا مابن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە زیاتر لە ١١ هەزار فەڵەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا راگیراون و بەپێی راپۆرتە مافی مرۆییەکان، رووبەڕووی بارودۆخێکی سەخت بوونەتەوە.

بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە ٩ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، ئیسرائیل و حەماس واژۆیان لەسەر سەرجەم بەند و خاڵەکانی قۆناغی یەکەمی رێککەوتنی غەززە کرد، کە بریتین لە راگرتنی شەڕ و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و زیندانییە فەڵەستینییەکان و گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە.

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردبوو، "ناتانیاهۆ و ترەمپ، بەم بۆنەیەوە پیرۆزباییان لە یەکتر کردووە.

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی فەڵەستین (وافا) بڵاویکردووەتەوە، لە ٧ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ـەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ٦٧ هەزار و ٢٥٢ کەس، کە زۆرینەیان ژن و منداڵن، هاوکات ١٦٩ هەزار و ٩٦١ کەسی دیکەش بریندار بوون. هێشتا ژمارەیەکی زۆر قوربانی لەژێر داروپەردووەکانیش دا ماونەتەوە.













گەلەری