تەنها پڕۆژەیەکی گەشتیاری گرنگ لەشارێک هەبوو بەڵام ؟
PM:08:00:13/10/2025
268 جار خوێندراوەتەوە
فەرمان محەمەد
+
-
لە گۆڕەپانی پڕ لە
ئاڵۆزی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، چیرۆکێکی پڕ کارەسات، درامای سیاسی خوێناوی و ئازارێکی
بێ کۆتایی گەلێک، دیمەنی خەمناکی خۆی نمایش دەکات. چیرۆکی گەلێک، کە لەنێوان مۆتەکەی
دەستەڵاتێکی قۆرغکار و خەونی گەشەسەندنی فەرامۆشکراودا،
بەبێدەنگی دەناڵێنێت. لێرە، گێڕانەوەیەک دەستپێدەکات، کە وێنەی ئازار، هیوا و ناڕەزایەتییەکی
قووڵی گەلێکە، کە دەیەوێت لەژێر باری قورسی ستەمەوە هەناسە بدات. لەم خاکەدا، هەر هەنگاوێک
بەرەو پێشەوە، دژایەتییەکی توندی بۆ دەکرێت، هەر خەونێک بە ئایندەیەکی باشتر، دەبێتە
قوربانیی بەرژەوەندییە تاریکەکان.
یەکێک لەو خاڵانەی،
کە بەڕاستی جێگەی سەرنج و مایەی نیگەرانییە، کەم ئەزموونی ئەم نەوە نوێیەی حوکمڕانان
و دوورکەوتنەوەیانە لە خەڵک. چۆن نەوەی دووەمی حوکمڕان و کەسە یەکەمەکانی حیزب، کە
زمانی دایک، نیشتمان و خەڵکیان بە باشی نازانن و زیاتر بە ئینگلیزی قسە دەکەن، دەتوانن
نوێنەرایەتی ویست و خواستی گەلێک بکەن؟ ئەمە پەڵەیەکی گەورەیە لەسەر شکۆ و ڕێوشوێنی
حوکمڕانی. ئایا لە کوێی دونیادا سەرکردەیەک بەبێ تێگەیشتن لە زمانی خەڵکەکەی، دەتوانێت
حوکمڕانییەکی سەرکەوتوو و دادپەروەرانە بکات؟ ئەمە نیشانەیەکی ڕوونی
دوورکەوتنەوەیە لە ناسنامەی نیشتمانی و خنکاندنی پەیوەندییەکی ڕاستەقینە لەنێوان حاکم
و مەحکومدا، کە بە دڵنیایییەوە کاریگەریی نەرێنی و وێرانکەری لەسەر بڕیارە سیاسی و
کۆمەڵایەتییەکان درووست دەکات. ئەم بارە نیشانەی شەرم و شوورەییەکی گەورەیە، کە خۆی
بە سەرۆک و حاکم دەزانێت، کەچی لە سادەترین بنەمای پەیوەندی لەگەڵ خەڵکەکەیدا بێبەشە.
کارەساتی گەورە ئەوەیە، کە نەوەی دووەمی حوکمڕان، زمانی دایک نازانن و لە دەنگی شەقامیش
تێناگەن، بەتەواوی لە واقیعی کۆمەڵگەکەیان دابڕاون و لەهەمان کاتتدا بانگەشەی حوکمڕانییەکی
باڵا و دادپەروەر دەکەن، کە خۆیان لە بنەڕەتدا لێی بێبەشن.
کوردستان لە خەونی ئازادییەوە بۆ مۆتەکەی قۆرخکاریی
گەلێک، کە
لەنێوان خەونی گەشەسەندن و مۆتەکەی قۆرخکاریدا دەناڵێنێت. ئەم هەرێمە، کە لە
ساڵی ١٩٩١دا بەهۆی بڕیاری ژمارە ٦٨٨ی ئەنجوومەنی ئاساییشەوە، لەژێر چنگی دیکتاتۆرییەتێکی
خوێنمژ ڕزگاری بوو، خەونێکی گەورەی بۆ هەڵچنرا: ئازادی، گەشەسەندن و سەقامگیری. بڕیارێکی
نێودەوڵەتی کە ناوچەیەکی دژەفڕین و پارێزراوی بۆ درووست کرد، وەک هێمایەک بۆ ژیانێکی
نوێ، بەڵام ئەم خەونە، وردە وردە لە ناوەندێکی بڕیاردانی نێودەوڵەتییەوە گۆڕا بۆ گۆرەپانێکی
ململانێی ناوخۆیی و قۆرخکاریی حیزبی، بەجۆرێک کە چەمکی دەوڵەتداریی خستەژێر پرسیارەوە.
خنکاندنی خەونە
نیشتمانییەکان و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی گەل
دوای سێ دەیە لە
ڕاپەڕین و خوێنی شەهیدان، لە جیاتی درووستکردنی دەوڵەتێکی مۆدێرن و گەشەسەندوو، نەوەی
یەکەمی حوکمڕانان، کە بەناوی شۆڕشگێڕی و قوربانیدانەوە لە شاخ هاتبوونە خوارەوە،
دەستەڵاتی سیاسی و ئابوورییان بەتەواوی قۆرخ کرد. ئەوانەی کە دەبوو پاسەوانی خەونی
دەوڵەتی کوردی بن و هەرێمێکی خاوەن حکومەتێکی تەکنۆکرات، دادگەی سەربەخۆ و هاوڵاتییەکی
ئازاد، کە شکۆی پارێزراو بێت، بهێننە دی، ئەم خەونەیان لەگۆڕ نا. لەم هەرێمەدا، هێزی
ئەمنی کە دەبوو پارێزەری نیشتمان و سنوورەکان بێت، بووەتە ئامرازێکی سادە بۆ بەرژەوەندیی حیزبی و کەسی، نەک دژی تیرۆر، پارێزەری
هاووڵاتی، سنوور و نیشتمان. ئەمەش پرسیارێکی گەورە و ئازاراویی درووست دەکات: ئایا
ئامانجی ڕاپەڕینەکە قۆرخکردنی دەستەڵات بوو یان ئازادیی گەل و نیشتمان؟
ململانێی
نەوەکان و قەیرانی ناسنامە: کەم ئەزموونیی حوکمڕانان و قەیرانی زمان
دۆخەکە پەرەی سەند،
کاتێک لە "زۆنی سەوز"، نەسڵی نوێی دەستەڵاتدار، کە زۆرینەیان کەم ئەزموونن
و شارەزای سیاسی و کۆمەڵایەتی نین، هاتنە سەر حوکم. سیستەمێکی نائاسایی و سەرلێشێوێنەر
پێک هات، کە پێشتر باب و باپیرانیان بەپاساوی دیموکراسی و دژە بنەماڵەیی،
دەستەڵاتیان گرتبووە دەست، ئێستاش کە نەوەی دووەمی بڕیار، پۆستی حکومیی گرنگیان وەرگرتووە
و براکەشی لە هەمان بازنە سەرۆکایەتی حیزب
دەکات و دەستەڵاتی حیزبیی لە دەستەڵاتی حکوومەت بەهێزتر و زاڵتر کراوە. لێرەدا، کەسی
یەکەمی حیزب بە ئاشکرا فەرمان بە جووڵاندنی هێز دژ بە نەیارە سیاسییەکانی دەدات و بەبێ
هیچ بنەمایەکی یاسایی، ڕاپێچی دادگە دەکرێن. ئەوەی کە نەتوانێت لەڕووی شەخسی و
حزبییەوە نەیارەتی بکات، هێز و چەکی حکوومەت، پێگە و ڕۆڵی حزبەکەی بەکاردەهێنێت، هەر
کەسێک دژی خواست و مەرامە کەسییەکانی تاکە بڕیاربەدەست بجووڵێتەوە، ئەوە لەدەرەوە
و بەبێ گەڕانەوە بۆ یاسا و دادگە، هێزە ئەمنییەکان بۆ هەڵکوتانە سەر و بێدەنگکردنی
دەنگەکەی ئاڕاستە دەکرێن. ئەم دۆخە نالەبارە، بێ گوێدانە کاریگەرییەکانی لەسەر سەقامگیری
کوردستان، لاوازکردنی پێگەی هەرێم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتی،
نەک تەنیا بەردەوامە، بەڵکوو پۆزش و سیناریۆشی بۆ دادەڕێژرێت.
داپڵۆساندنی
ئۆپۆزیسیۆن و وێرانکردنی سلێمانی
پڕۆژەیەکی
گەشتیاریی و بووژێنەرەوە، بووە فریادڕەس بۆ شار، بەڵام دەستەڵات دەیەوێت دەست بەسەر
ئەمیشدا بگرێت. لەم گۆڕەپانی سیاسەتە چەپەڵەدا، کە گیانی سەدان کەسی کردووەتە قوربانی،
دەنگە ناڕازییەکان کپ دەکرێن و پڕۆژە نیشتمانییەکان لەبار دەبرێن. ئۆپۆزسیۆنێک کە خاوەنی
پڕۆژەی گەورە و خەونی گەورەی وەک "چاڤی لاند" بوو، ئەمڕۆ سەرکردەکانی دەستگیر
کراون و بەهەموو شێوەیەک هەوڵی بێدەنگکردنی دەدرێت.
بەڵام دەستەڵات نازانێت
گرتنی سەرکردە سیاسییەکانی ئۆپۆزسیۆن، کپکردنی ئازادییە و هەڕەشە و چاوترساندنە بە
بەکارهێنانی هێزی ئەمنی، کە ئەرکی پاراستنی هەموو هاووڵاتیانە، نەک خزمەتکردنی ویستی
کەسی و حیزبی. هەرچەندە مێژوو ئەوەی سەلماندووە، کە دەستەڵاتی خۆسەپێن، ناتوانێت هاووڵاتی
هۆشیار بەلاڕێدا ببات و چاوترساوی بکات، بەڵکوو وادەکات خەڵک هۆشیارتر و بەویژدانتر
دەنگیان هەڵببڕن و زیاتر و بەگوڕتر بۆ مافی خۆیان تێبکۆشن.
چاڤی لاند، تەنیا
پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان نەبوو، بەڵکوو چرای هیوایەک بوو بۆ سلێمانی، شارێک کە توانی لە
چنگی وێرانی و هەرەس ڕزگاری بێت. ئەم پڕۆژەیە توانی سلێمانی بکاتە سەنتەرێکی گەشتیاری
و ئابووریی چالاک، لە کاتێکدا حیزبی دەستەڵاتدار، کە نزیکەی نیو سەدەیە حوکمڕانی تەواوی
شارەکەی گرتووەتە دەست، نەیانتوانیووە پڕۆژەیەکی ستراتیژیی لەم ئاستە پێشکەش بکەن.
سلێمانی، شارێک، کە بەهۆی نەبوونی مۆڵ، ژێرخانی گونجاو و بێهیواکردنی گەنجان، بەرەو
مەرگێکی هێواش و کاولبوون دەچوو، تەنیا بە پڕۆژەیەکی وەبەرهێنەریی لەم شێوەیە توانی
هیوایەک بۆ بووژانەوەی هەڵقوڵێت. ئۆپۆزسیۆنێک بە تەمەنێکی کەم و تازەپێگەیشتوو، توانی
ئەم گۆڕانکارییە ستراتیژییە بکات، کەواتە دەستەڵاتدارانی نیو سەدە، بەرهەمەکەی لەکوێیە؟
ئەم کارەساتە نەک هەر کاریگەری نەرێنی لەسەر دەنگی خۆیان دەبێت، بەڵکوو خەڵک هۆشیارتر
دەهێڵێتەوە.
بەڵام ئەم هیوا و
خەونە نیشتمانییە، قوربانی پیلانێکی سیاسی بوو، بۆ چاوترساندن و لەناوبردنی پێگەی جەماوەری
ئۆپۆزسیۆن، سەرۆکی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی بەشێوەیەکی نایاسایی زیندانی کرا. بە
پاساوی بێبنەمای نەدانی باج و تۆمەتی ساختە، سەرمایە، موڵک و ماڵی خرایە مەزاد و بەشێوەیەکی
گێرەشێوێن و نایاسایی دەستی بەسەردا گیرا، تەنیا بۆ ئەوەی بخرێتە ژێردەستی وەبەرهێنەرێکی
ترەوە، کە لەخۆیان بێت.
ئەمە تەنیا چیرۆکی
پڕۆژەیەک نییە، بەڵکوو نموونەیەکی ڕوونی گەندەڵیی سیستەماتیک و پێشێلکارییە یاساییەکانە
کە سەروەت و سامانی نیشتمانی و داهاتووی گەلێکی تاڵان کردووە. ئەمە تاڵانکردنی خاک
و خەڵکە بەناوی سیاسەتەوە. هەرچەندە دەزانین و وەک گوتمان خەڵک هۆشیارترە لەوەی دەنگی
کپ بکرێت، یاری پێبکرێت و بترسێندرێت. هەرچی زۆریی لێبکرێت، خەڵک تووڕەتر و ڕق ئەستوورتر
دەبێت و مەیلی گۆڕانکارییان تێدا زیاتر کڵپە دەسێنێت.
تا کەی بێدەنگی
و تا کەی ئەم تاڵانکارییە؟دەرەنجامی بێدەنگی
دواجار، ئەمە چیرۆکێکی
تاڵە لەسەر دەوڵەتدارییەک، کە خەونی گەلێکی کوشت و سەرمایەیەکی نیشتمانیی تاڵان کرد،
لە کاتێکدا دونیای مۆدێرن بە ئاڕاستەی دیموکراسی و حکومڕانیی باش هەنگاو دەنێت. ئایا
ئەمە دەوڵەتدارییە یان لەسێدارەدانی خەونەکانی گەلێکە، کە بە خوێنی خۆیان ئازادییان
بەدەستهێناوە؟ بێگومان، داپڵۆسینی کەموکوڕی دەستەڵات و حوکمڕانیان بە سەرکوتکردن، گرتن
و ترساندن، بۆ ماوەیەکی کەم دەتوانێت بێدەنگی درووست بکات، بەڵام ئەم بێدەنگییە تا
سەر نابێت و ڕۆژێک لە ڕۆژان بەسەر خۆیاندا دەتەقێتەوە. گەلێک کە خەونی ئازادی و دەوڵەتداری
دەبینێت، هەرگیز بەم شێوەیە بێدەنگ نابێت و ئەم ستەمکارییە قبووڵ ناکات.
لە کۆتاییدا، ئەم
دۆخە خەونی زۆر گەنج و ڕۆشنبیری ئەم وڵاتەی کوشتووە و ناچاریکردن تاراوگە بکەنە
دوا پەناگەی خۆیان.
وهك نووسەرێک، لایەنگری
هیچ حزب و ڕەنگێک نیم. ئهوهی دەیڵێم و دەینووسم، لە قووڵایی ویژدان و پەرۆشیم بۆ
وڵات، نیشتمان و خەڵکە ماندووەکەیەوە سەرچاوە دەگرێت، نەک لایەنگری حیزبی و کەسی و ئایدیایەک و ئایدۆلۆژیەک.