PM:07:37:16/10/2025
592 جار خوێندراوەتەوە
رێژەی دەرمان كڕین و كارگەكانی دەرمانسازی ناخۆیی لە عێراق زیادیان كردووە، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دەرمانسازی دەڵێت، پێنج كارگەی دەرمانسازی شێرپەنجە و نەخۆشییەكانی خوێن و ڤایرۆسەكان خراونەتە بواری جێبەجێكردنەوە و هەندێكیان لە ماوەى چەند هەفتەی رابردوودا دەستیان كردووە بە دروستكردنی دەرمان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٦ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، حەمودی لامی، راوێژكاری محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری پیشەسازییەكانی دەرمانسازی وتی، پێنج كارگەی دەرمانسازی شێرپەنجە و نەخۆشییەكانی خوێن و ڤایرۆسەكان خراونەتە بواری جێبەجێكردنەوە و هەندێكیان لە ماوەى چەند هەفتەی رابردوودا دەستیان كردووە بە دروستكردنی دەرمان و هەندێكی تریشیان لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا بەرهەمەكانیان دەخەنە بازاڕەوە.
ئاماژەی
بەوەشکرد، ١٩ كارگەی دەرمانسازی لە قۆناغی دامەزراندندان و هەندێكیان رێژەی
دروستكردنیان گەیشتووەتە ٩٠٪ و پێشبینی دەكرێت لە ساڵی داهاتوودا بچنە بواری
جێبەجێكردنەوە.
ئەوەشی
خستەڕوو، رێژەی كارگەكانی دەرمانسازی ناوخۆیی عێراق، لە ٢٢ كارگەوە لە كۆتایی ساڵی
٢٠٢٢، بۆ ٣٤ كارگە لەئێستادا زيادى كردووه، كە بە ئەوپەڕی توانایان كار دەكەن.
بە وتەی
راوێژكارەكەی سودانی، عێراق ساڵانە بە بڕی سێ بۆ پێنج ملیار دۆلار دەرمان بەكار
دەهێنێت و ژمارەی دەرمانە تۆماركراوەكان زیادبوونی بەخۆیەوە بینیوە، لە هەزار و
٣٣٧ دەرمانەوە لە كۆتایی ساڵی ٢٠٢٢، بۆ دوو هەزار و ٧٨ دەرمان لەئێستادا.
دەشڵێت، زۆربەی
ئەو دەرمانانەی لە كۆتایی سێ ساڵی دواییدا تۆماركراون، خۆی لە دەرمانی نەخۆشییە
درێژخایەنەكان دەبینێتەوە، وەك زەخت و شەكرە و دڵ و هاوڵاتییان دەتوانن بە نرخێكی
گونجاو بەدەستی بهێنن.