سەردێڕ:

بانگەشەی خەڵەتێنەر

PM:09:38:15/10/2025
188 جار خوێندراوەتەوە
شاهۆز سدیق
+ -

جارێکی دیکە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بە کۆمەڵێک دروشمی خەڵەتێنەر دەستیکردەوە بە بانگەشەی هەڵبژاردن، بەڵام وشیاری خەڵکی کوردستان لەوە زیاترە بڕوا بەو بەڵێنانەی سەرۆکی یەکێتی بکەن.

لە سێیەم رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردندا، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی رایگەیاند، یەکێتی هێزەو هەر ئەو دەتوانێ مافەکانی گەلی کورد لەبەغدا دەستەبەربکات، بەڵام ئەو بێ ئاگایە لەوەی چوار ساڵە خەڵک دەنگی بەوان داوە کەچی نەیانتوانیوە هیچ مافێکی خەڵکی کوردستان بەدەستبهێنن.
هەروەها وتی ئێمە ڕۆڵمان هەبووە لەچارەسەرکردنی کێشەی مووچەو ڕادەستکردنی نەوت بە بەغدا، بەڵام بیری چووە نزیکەی دە ساڵە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەدەست نەبوونی مووچەوە دەناڵێنن کەس خۆی نەکردە خاوەنی مووچەخۆران، هەموو ساڵێک دوو بۆ سێ مووچەی خەڵک دەفەوتێت بەڵام بافڵ تاڵەبانی مانگێک بەر لەهەڵبژاردن دەڵێت ئێمە دەتوانین کێشەکانتان چارەسەر بکەین.

بافڵ تاڵەبانی زۆر بێ باکانە داوا لەخەڵک دەکات دەنگ بە حزبەکەی بدەن و دەڵێت هێزی ئێوەین لەبەغدا، بەڵام ئەم دروشمە باق و بریقانە ناتوانن خەڵک چەواشە بکەن، چونکە یەکێتی نزیکەی هەژدە ساڵە لە بەغدایە بەڵام نەیتوانیوە پێداگری لەسەر جێبەجێکردنی دەستوری عێراق بکات کە مافەکانی گەلی کوردی تێدا زامنکراوە، هەژدە ساڵە یەکێتی نەیتوانیوە فشار لەبەغدا بکات بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ و چارەسەرکردنی کێشەی کورد لەکەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان.

چیتر خەڵکی کوردستان ئەوەندە بێ ئاگاو ناهۆشیار نیە کە بەو دروشمە بێ کردارانە بخەڵەتێت و دەنگ بەو حزبە بدات، ئەمجارەیان قیڕە قیڕی بانگەشەی هەڵبژاردنی بافڵ تاڵەبانی خەڵک ناباتە سەر سندوقی دەنگدان، بەڵکو ڕێژەی بایکۆت لەسنووری قەڵەمڕەوی یەکێتی ڕیکۆردێکی نوێ تۆمار دەکات و خەڵک ناچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان.

گەلەری