سەردێڕ:

کەمانچەکەی ئەنشتاین بە نرخێکی خەیاڵی فرۆشرا

PM:03:05:09/10/2025

2204 جار خوێندراوەتەوە

لە زیادکردنێکی ئاشکرادا، کەمانچەکەی دیارترین زانای جیهان بە ٨٦٠ هەزار پاوەند فرۆشرا.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٩ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی BBC، کەمانچەکەی زانا و فیزیاناسی ئەڵمانی، ئەلبێرت ئەنشتاین، کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٩٤، لە زیادکردنێکی ئاشکرادا بە ٨٦٠ هەزار پاوەند فرۆشرا.

جێی باسە، نرخی ئەم ئامێرە لە سەرەتادا لەنێوان ٢٠٠ هەزار بۆ ٣٠٠ هەزار پاوەند بوو، بەڵام زیادکردنەکە چوار هێندە نرخەکەی بەرزکردەوە.
باس لەوەشکراوە، ئەنشتاین لە سەردەمی داگیرکردنی ئەڵمانیادا ئەم کەمانچەیەی لە نازیەکان شاردووەتەوە و هەڵگری چەندین چیرۆکی زاناکەیە، 

وە کاتێک لە کۆتایی ساڵی ١٩٣٢دا پلانی دانا بۆ ئەوەی لە هێرشی نازییەکان رزگاری بێت، لە ئەڵمانیاوە بەرە و ئەمریکا هەڵات، بەڵام نەیدەویست ئامێرەکە هیچ زیانێکی پێ بگات، بۆیە کەمانچە و پاسکیلەکەی و کتێبێکی فەلسەفەی بەخشییە هاوڕێ و هاوکارە فیزیاییەکەی ماکس ڤۆن لاو.

 

هەروەها، ئەم زیادکردنە ئاشکرایە تەنها ماوەی ١٠ خولەکی خایاند و جگە لە کەمانچەکە، هەمان ئەو کتێبە فەلسەفییە کە ئەنیشتاین بە دیاری بەو هاوڕێیەی دابوو، بە ٢٢٠٠ پاوەند فرۆشرا.
زۆر کەس ئاگادار نین لەوەی کە ئەلبێرت ئەنشتاین پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ مۆسیقای کلاسیکدا هەبووە، بەو پێیەی کە دەیوت ئەگەر پیشەکەی زانا نەبووایە، حەزی دەکرد مۆسیقاژەن بووایە.













گەلەری