سەردێڕ:

وردەکاری واژۆکردنی ئاگربەستەکەی ئیسرائیل و حەماس

PM:01:17:09/10/2025

1208 جار خوێندراوەتەوە

دوای دوو ساڵ لە شەڕی ئیسرائیل و حەماس، هەردوولا لە میسر رێککەوتن و قۆناغی یەکەمی پلانی ئاشتییان لە غەززە واژۆ کرد، بەپێی رێککەوتنەکەش سەرجەم بارمتەکان و ژمارەیەک زیندانیکراوی فەلەستینی ئازاد دەکرێن.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٩ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، دوای دوو ساڵ لە شەڕ و کوشتن، ئیسڕائیل و گروپە چەکدارەکانی غەززە قۆناغی یەکەمی پلانی ئاشتییان لە غەززە واژۆ کرد و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەم بارەیەوە وتی، ئیسرائیل هێزەکانی بۆ هێڵێکی رێککەوتوو دەکشێنێتەوە.

وردەکاری رێکەوتنەکە بەمجۆرە بوو؛  شەوی رابردوو لە ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ چەند کەسایەتییەکی گرنگی پارێزگارەکاندا کۆبوونەوەی هەبوو، دوای دوو کاتژمێر لە بەردەوامبوونی کۆبوونەوەکە، مارکۆ رۆبیۆی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە هەواڵی رێککەوتنی حەماس و ئیسرائیل پێگەیشت، ئەویش بەپەلە داوایکرد بڕواتە کۆبوونەوەکەوە.

لەگەڵ دانیشتنی لە نزیک ترەمپ کاغەزێکی دایە دەستی و ترەمپیش ماوەیەک لە خوێندنەوەی بەردەوام بوو، بەپێی ئەوەی بڵاوکراوەتەوە لەسەر کاغەزەکە نوسراوە، "پێویستە زوو پۆستێک لە تروس سۆشیاڵدا بڵاوبکەیتەوە تاوەکو لە لای تۆوە هەواڵی رێککەوتنی ئیسرائیل و حەماس رابگەیەندرێت."

هەر دوای کاغەزەکەش مارکۆ رۆبیۆ شتێکی بە گوێی دۆناڵد ترەمپ چرپاند، راستەوخۆ دوای ئەوە ترەمپ بە رۆژنامەنووسان و ئامادەبوانی کۆبوونەوەکەی وت "ئێمە زۆر نزیکین لە گەیشتن بە رێککەوتنێک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

ئەمەش لەدوای ئەوەدێت، حەماس رۆژی پێنجشەممەی رابردوو رایگەیاند، کە رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر قۆناغی یەکەمی پلانەکەی ترەمپ و گەڕاندنەوەی بارمتەکان.

لە وەڵامی ئەو هەواڵەشدا، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وتی، " ئەمە رۆژێکی مێژووییە بۆ وڵاتەکە، هەر لەسەرەتاوە بە روونی پێم وتن ، ئێمە ناوەستین تا هەموو بارمتەکانمان نەگەڕێنەوە و هەموو ئامانجەکانمان بەدی نەهێنین".

نەخشەی جێبەجێکردنی قۆناغی یەكەمی رێککەوتنی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە بەم جۆرەیە؛ کە پێدەچێت تاوەکو هەفتەی داهاتوو سەرجەم خاڵەکان جێبەجێبکرێن:

١- راگەیاندنی فەرمی رێککەوتنەکە و پەسەندکردنی لەلایەن حکومەتی ئیسرائیلەوە.

٢- بڵاوکردنەوەی لیستی زیندانیان و نەخشەی کشانەوە بۆ قۆناغی یەکەم.

٣- كردنەوەی دەرگای تانە لێدانی رووكەش لە دادگای ئیسرائیل.

٤- کشانەوەی مەیدانی سوپای ئیسرائیل بەپێی نەخشەکە، حەماسیش دەست دەکات بە ئامادەکردنی ئەو دیلانەی لە ژیاندا ماون لەگەڵ رادەستکردنی تەرمی سەربازەکان.

٥- ترەمپ دەگاتە ناوچەکە بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردن و راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە.

٦- جێبەجێکردنی فەرمی پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردنی دیلەكان بە سەرپەرشتی (میسر، قەتەر، ئەمریکا، و تورکیا).

٧- کردنەوەی تەواوی دەروازەکان، لەگەڵ چوونە ژوورەوەی ٤٠٠ بارهەڵگری هاوکاری رۆژانە، زیاد دەکرێت بۆ ٦٠٠ یان زیاتر لە رۆژانی دواتر.

٨- دەستبەجێ دەستپێکردنی دانوستانەکان لەسەر قۆناغی دووەمی رێککەوتنەکە، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر تەواوکردنی کشانەوەکە و دڵنیابون لە وەستانی هەمیشەیی شەڕ.













گەلەری