AM:11:57:07/10/2025
916 جار خوێندراوەتەوە
حکومەتی ماوەبەسەرچوو جارێکی تر لەو رێککەوتنەی کردوویەتی لەگەڵ بەغدا پەشیمان بووەوە و راپۆرتی ئەنجومەنی دەوڵەت و رێککەوتنەکەی ئەمجارەشی رەتکردەوە و رادەستکردنی داهاتی نانەوتیشی راگرتووە، سەرۆکی لیستی نەوەی نوێش لە هەولێر دەڵێت، پارتی و یەکێتی شەڕی دەروونی لەگەڵ مووچەخۆران دەکەن بە نەناردنی داهاتی ناوخۆ.
ئەمڕۆ سێشەممە ٧ـی تشرینی ٢٠٢٥، کاوە عەبدولقادر، سەرۆکی لیستی نەوەی نوێ لە هەولێر رایگەیاند، نەناردنی ١٢٠ ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ بۆ بەغدا تا بەزووترین کات بەغدا مووچەی مانگی هەشت بنێرێت، شەڕی دەروونی پارتی و یەکێتیە لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێم دەیکەن بۆ ئەوەی پێش هەڵبژاردن تەنها مووچەیەکی تر دابەش بکەن و بڵێن خەتای بەغدایە.
چاوگێکیش بە ئێن ئاڕ تی وت، حکومەتی ماوەبەسەرچوو داوای کردووە لە بری ١٢٠
ملیار ٧٥ ملیار دیناری داهاتی نانەوتی رادەستبکات و بەغداش وتوویەتی، رادەستکردنی
نەوت و داهاتی نانەوتی مەرجی ناردنی مووچەن.
باسی لەوەشکردووە، حکومەتی ماوەبەسەرچوو دەیەوێت ئەمساڵیش چەند مووچەیەک
بخرێتە بری ئەو داهاتی ناوخۆیەی رادەستیناکات.
هاوکات بەهۆی پابەندنەبوونی حکومەتی ماوەبەسەرچووەوە چارەنووسی لانی
کەم سێ مووچەی ئەمساڵ مەترسی لەسەردەبێت.