سەردێڕ:

عێراق داوا لە هاوڵاتییان دەكات ڤاکسینی پەتای وەرزی لە خۆیان بدەن

AM:10:15:07/10/2025

888 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی عێراق دەڵێت، هەڵمەتی كوتانی هاوڵاتیيان بە ڤاکسینی پەتای وەرزی لە هەموو ناوەندەكانی تەندروستی و ژمارەیەك لە نەخۆشخانەكانی بەغدا و پارێزگاكانی دیكە، دەستیپێكردووە.


ئەمڕۆ سێشەممە ٧ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەسەر راسپاردەی ساڵح مەهدی حەسناوی، وەزیرى تەندروستی عێراق، ئەم هەڵمەتە دەستیپێكردووە بۆ پاراستنی هاوڵاتیيان لە نەخۆشییەكانی هەناسە و رێگەگرتن لە بەرزبوونەوەی رێژەی توشبوون بە نەخۆشی پەتای وەرزی و پەرەسەندنی.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، فەرمانگە تەندروستییەكان لە هەموو پارێزگاكانی عێراق دەستیانكردووە بە پڕۆگرامی خۆپارێزی تایبەت بە پێدانی كوتانەكە، لە رێگەی ناوەندە تەندروستییەكان و ژمارەیەك لە نەخۆشخانە حكومییەكان.

دووپاتیشی کردەوە، كە دەرزییەكە بەخۆڕایی لەبەردەستە و بۆ هەموو هاوڵاتییانە، بەتایبەتی ئەو كەسانەی زیاتر تووشی هەڵامەت دەبن.

وەزارەتی تەندروستی عێراق، بە گرنگی دەزانێت هەمووان ئەو دەرزییە بكەن، كە رۆڵێكی زۆری هەیە لە كەمكردنەوەی توشبوون بە ئەنفلۆنزا و مەترسییەكانی.

داوای لە هاوڵاتیانییش كرد، سەردانی نزیكترین ناوەندی تەندروستی بكەن و كوتانەكە وەرگرن و دووپاتیشیكردەوە، كە دەرزییەكە سەلامەتە و لەلایەن رێكخراوی تەندروستی جيهانییەوە باوەڕپێكراوە.













گەلەری