وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق دەڵێت، هەوڵەکانیان بۆ پەرەپێدانی سەرجەم هێڵەکانی شەمەندەفەر دەستپێکردووە و لە هەوڵی دروستکردنی دوو هێڵی نوێدان کە بەندەری فاو بە فیشخابورەوە لە زاخۆ دەبەستێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە ٦ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، مەیسەم سافی، بەڕێوبەری راگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق وتی، وەزارەتەکەیان پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە لە پەرەپێدانی هێڵی شەمەندەفەر لە ناوچەکانی باکوور و رۆژئاوا، ئەمەش دەبێتە هۆی پاڵپشتیکردنی ئابووریی نیشتمانی و زیادکردنی توانای گواستنەوەی کاڵا و سەرنشینەکان.
دەشڵێت، جگە
لەوەی نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی کارەکانیان لە شاری موسڵ و ناوچەی رۆژهەڵاتەوە
تا بەغدا دەستیپێکردووە، دوو هێڵی دیکەش لە دروستکردندان کە شاری فاو بە
پیشخابورەوە دەبەستێتەوە.
ئاماژەی
بەوەشکردووە، لە هەماهەنگی بەردەوامدان لەگەڵ حکومەتە خۆجێیەکانی پارێزگاکان بۆ
گەڕاندنەوەی کارپێکردنی هێڵە وەستێندراوەکان، لەناویاندا هێڵی بەغدا - کەرکوک.
جەختیشیکردووەتەوە،
جگە لە دروستکردنی هێڵی نوێی هێڵی ئاسنین، ساڵی رابردوو ١٢ هێڵیان بەگەڕ خستووەتەوە
و ئەو پڕۆژانە رەنگدانەوەی پابەندبونی وەزارەتن بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی گواستنەوە و
پاڵپشتیکردنی بازرگانی و گواستنەوەی هەرێمایەتی لە عێراق.
پڕۆژەی رێگەی
گەشەپێدان، رێگەی وشکانی و ئاسنین لە خۆدەگرێت کە بەندەری فاو لە پارێزگاى بەسرەى
بە فیشخابورەوە دەبەستێتەوە و مەبەست لێی گرێدانی عێراق و تورکیایە بە
جیهانەوە و درێژی هێڵە ئاسنینەکە هەزار و ١٧٥ کیلۆمەتر دەبێت .