AM:09:42:06/10/2025
3276 جار خوێندراوەتەوە
دەستەی مافی مرۆڤ لە زاری سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێوە دەڵێت، دۆسیەکەی بە هیچ شێوەیەک یاسایی نییە و کاتێک فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە، بەبێ ئەوەی ئاگاداربێت بە غیابی حوکم دراوە. سەرۆکی جوڵانەوەکەش دەڵێت، " لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا بۆچی دەستگیرنەکراوم؟ ئاشکرایە کە هەم کاتەکە و هەم دەستگیرکردنەکەم سیاسیە".
ئەمڕۆ دووشەممە ٦ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، شاندێکی دەستەی مافی مرۆڤ بە مەبەستی بینینی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ سەردانی دادگای تێهەڵچونەوەی سلێمانییان کرد و لە زاری سەرۆکی جوڵانەوەکە باسیان لەوەکرد، شاسوار عەبدولواحید، داوای تەمییزی کەیسەکەی کردووە و چاوەڕێی وەڵامی دادگای تەمییزی هەرێمی کوردستان دەکات بۆیە دادگایکردنی دواخراوە.
بە گوێرەی
راگەیەندراوەکەی دەستەی مافی مرۆڤ، شاسوار عەبدولواحید وتی، "کەیسەکەم کێشەی
یاسایی هەیە و بە هیچ شێوەیەک یاسایی نییە، چونکە لە ساڵی ٢٠١٩ ئەم کەیسە هەبووە و
تا ئیستا کاریان لەسەر نەکردبوو، وە لە ٢ـی ئابـی ٢٠٢٥، فەرمانی دەستگیرکردنم بۆ دەرچووە
بەبێ ئەوەی ئاگاداربم و بە غیابی حوکم درام".
وتیشی،" ئەی
چۆن من لە ماوەی شەش ساڵی رابردوو کە لەو شارە بووم دەستگیرنەکراوم؟، لەو وڵاتە بۆ ئەو وڵاتە لە رێگەی فڕۆکەخانەوە
گەشتم کردووە بۆچی دەستگیرنەکراوم؟ ئاشکرایە
کە هەم کاتەکە و هەم دەستگیرکردنەکەم سیاسیە".
سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ داواشی
کرد دەستەی مافی مرۆڤ رۆڵی گرنگی خۆی ببینێ و لە رووی یاساییەوە چاودێری دۆسیەکەی
بکرێت و بەدواداچونی بۆ بکرێت.