سەردێڕ:

لە عێراق پێنج نمرە دەدرێتە ئەو قوتابییانەی لە خولی دووەم دەرنەچوون

PM:09:25:05/10/2025

876 جار خوێندراوەتەوە

بەمەبەستی رەخساندنی دەرفەتێکی دیکە بۆ دەرچوون و تەواوکردنی خوێندن، وەزارەیئ خوێندنی باڵای عێراق، بڕیاریدا پێنج نمرە بەو قوتابیانە بدات کە لە خولی دووەم ماوەنەتەوە و دەرنەچوون.


ئەمڕۆ یەکشەممە ٥ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، بەگوێرەیی نووسراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق کە ئەمڕۆ دەرچووە و واژۆی نەعیم عەبودی، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەسەرە، بڕیاردراوە بە پێدانی پێنج نمرە بۆ ئەو قوتابیانەی خوێندنی باڵا کە لە تاقیکردنەوەکانی خوولی دووەمی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٤-٢٠٢٥ دەرنەچوون.

لە نووسراوەکەدا هاتووە، "وەک وەڵامێک بۆ داواکاریی قوتابیانی خوێندنی باڵا (ماستەر و دکتۆرا) کە لە تاقیکردنەوەکانی خوولی دووەمی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٤-٢٠٢٥ دەرنەچوون، بڕیار درا کە پێنج نمرە بدرێت بەوان، بۆ چارەسەرکردنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی خوولی دووەمی ئەو ساڵەی خوێندن، وەک نمرەیەکی زیادە لەسەر ئەو بڕیارانەی پێشتر ئەنجومەنەکانی زانکۆ دایانناوە، بە مەرجی ئەوەی کە دۆخی قوتابییەکە بگۆڕدرێت بۆ "دەرچوو" و ساڵی ئامادەکاری تێپەڕاندبێت.

ئەم بڕیارەی وەزارەتی خوێندنی باڵا هاوکاتە لەگەڵ بڕیارێکی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران عێراق کە تێیدا دەرفەتی خولی سێیەمی بۆ قوتابیانی پۆلە کۆتاکان دەرکرد و دواتریش وەزارەتی پەروەردەی عێراق بڕیاریدا دوو نمرە بداتە سەرجەم قوتابیانی پۆلە ناکۆتاکان لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق.













گەلەری