سەردێڕ:

بەشەئارد و بەشەخۆراكی ٧٠٠ هەزار هاوڵاتی هەرێم بڕدرا

PM:10:10:21/09/2025

500 جار خوێندراوەتەوە

بازرگانی هەرێم دەڵێت، ٧٠٠ هەزار هاوڵاتی بەهۆی پڕنەكردنەوەی پسووڵەی ئەلیكترۆنیی خۆراك، بەشە ئارد و خۆراكیان پێ نادرێت.


ئەمڕۆ یەكشەممە ٢١ـی ئەیلولی ٢٠٢٥، نەوزاد كامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم دەڵێت، ئاگادار كراونەتەوە و رێكارەكانی دابەشكردنی بەشەخۆراكی شەشەمی ئەمساڵ دەستیپێكرد.

وتیشی، "هەندێك لە زەیت و دۆشاو كەمە، بەڵام رۆژانە شەكر و برنج و پاقلەمەنییەكان بۆ كۆگاكانمان دێت، زەیت و دۆشاوەكەش بۆمان دێت و دەست بە دابەشكردنی دەكرێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاری دابەشكردنی بەشەئاردی هەشتەمی ئەمساڵی هاوڵاتییانیش دەرچووە و دەست بە دابەشكردنی كراوە.
باسی لەوەشکرد، بەشەخۆراكی شەشەم پێكهاتووە لە برنج سێ كیلۆ، شەكر كیلۆیەك، زەیت لیترێك، ٤٠٠ گرام دۆشاوی تەماتە و كیلۆیەك لە پاقلەمەنییەكان.
ئەوەشی خستەڕوو، بۆ ئاردیش بڕی نۆ كیلۆ ئارد دەدرێتە هەر هاووڵاتییەك و ئاردەكەش دوای تاقیكردنەوە دابەش دەكرێت.
دەشڵێت، زیاتر لە ٧٠٠ هەزار هاوڵاتیی هەرێمی كوردستان بەهۆی پڕنەكردنەوەی پسووڵەی ئەلیكترۆنیی خۆراك، بەشەئارد و خۆراكی نوێیان پێ نادرێت.













گەلەری